هەواڵى ناوخۆ

ڕێبوار تاڵه‌بانی: چارەنوسی کەرکوك دیارنییە و دۆخی ئەمنی زۆر خەراپە

 

سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند، تاوەكو لە كەركووك مەلەفی ئەمنی بەو شێوەیە بەردەوام بێت و چارە نەكرێت، دۆخی ئەمنیی سنووری ئەو پارێزگایە خراپتر دەبێت، بۆیە پێویستە چارەسەری ئەو مەلەفە بكرێت، چونكە ئەوەی ئێستا لە كەركووك دەگوزەرێت، حاڵەتێكی نائاساییە.

رێبوار تاڵەبانی، ڕایگەیاند: "لە كەركووك حاڵەتێكی نائاسایی هەیە، بە تایبەت دوای نەمانی هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە، دۆخی ئەمنی زۆر خراپ بووە و داعش سەری هەڵداوەتەوە و ئەو كردەوانەی دەیكەن بەردەوام پەرەی پێدەدەن و زیاتریشی دەكەن، بۆیە گەر وا بڕوات و مەلەفی ئەمنی بەوشێوەیە بێت، دۆخەكە خراپتر دەبێت و باشتر نابێت".

سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەشڵێ: "تاوەكو مەلەفی ئەمنی بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دۆخەكە هەر خراپ دەبێت، كە مەلەفی ئەمنییش لە دەست حكوومەتی عێراقە و ئەوانیش هۆكاری ئەو دۆخەن، كە هاتووەتە پێش، بۆیە پێویستە ئەو كێشەیە چارە بكرێت و رێگە نەدرێت چیتر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەگەر نا لە كەركووك كاری خراپتریش دەكرێت، چونكە تا ئەو مەلەفە لە پێش 2017 لە دەست پیشمەرگەدا بوو، هیچ كێشەیەكی نەبوو و ئەو روداوانەی ئێستا ڕوو دەدەن، بوونیان نەبوو، بە تایبەت سووتاندنی گەنمی جووتیاران".