هەواڵ

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم: تا کابینەی حکوومەتی عێراق تەواو نەبێت شاندی ھەرێم ناچێتە بەغدا

بڕیار بوو شاندی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن، بەڵام وەک بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا ڕوونی کردەوە، شاندەکە زەحمەتە ئێستا سەردانی بەغدا بکات تا کابینەی حکوومەتی عێراق بەتەواوەتی دەستبەکار دەبێت.

فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ دانوستان ناگەڕێتەوە بەغدا تا پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کۆتایی دێت و یەکلا دەبێتەوە."

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "نازانین شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەی دەگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام بەھۆی نزیکبوونەوەی پشووی جەژن، پەرلەمانی عێراق تا دوای جەژنی ڕەمەزان بۆ متمانەدان بەو وەزارەتانەی ماون کۆ نابێتەوە."

دەربارەی پەیوەندیی تەواوکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، د. ڤیان سەبری دەڵێت: "حەوت وەزارەت ماون ھێشتا متمانە بە وەزیرەکانیان نەدراوە، یەکێک لەو وەزارەتانەی ھێشتا وەزیری نییە وەزارەتی نەوتە، بێگومان گرینگیی خۆی ھەیە."