هەواڵ

به‌په‌له‌ .. یەكێتی بەفەرمی ددانی بە ئازادکردنی تیرۆریستانی داعشدا نا

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد کە لەسەر راسپاردەی هاوسەرۆکانی حزبەکەی، تۆمەتبارەکانیان ڕادەستی لایەنەکانی کەرکووک کردووەتەوە و ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەشێک لەو تۆمەتبارانە لە کردەوەی تیرۆریستیدا بەشدارییان کردووە و خۆشیان دانیان پێدا ناوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٠، حەمەسوور دووشیوانی، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی کەرکووکی یه‌كێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) رای گەیاندووە، “ئێمه‌ به‌ ڕێنمایی هاوسه‌رۆك و مه‌كته‌بی سیاسیی یەکێتی ده‌ستمان كرد به‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌” کە مەبەست لێی رادەستکردنەوەی تیرۆریستەکانە بە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و هۆزە عەرەبەکانی سنوورەکە.

بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە تیرۆریستەکان رادەست ناکرێن، بەڵکوو “ئەوانەی پێویستن”، رادەستی حکوومەتی ناوەندی دەکرێن و ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

دووشیوانی ئاشکرای کردووە کە نزیکەی ١٧٠ کەس لەنێو رادەستکراواندا دەبن و دانی بەوەدا ناوە کە “‌ئه‌مانه‌ كاتی خۆی له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا كه‌ حكوومه‌تی ناوه‌ندی له‌م ناوچانه‌ نه‌بووه‌، هه‌ندێكیان به‌شداربوون له‌ كۆمه‌ڵێك كرده‌ی تیرۆریستیی جۆراوجۆر، دیاره‌ زانیاری هه‌بووه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ده‌ستگیركراون، به‌شێكی زۆریشیان دانیان ناوه‌ به‌تاوانه‌كانیاندا، ئه‌م تیرۆرستانه‌ یان ئه‌م خه‌ڵكانه‌ی كه‌ گیراون، تۆمه‌تبار كراون یان تۆمه‌تبارن یان هه‌ریه‌ك له‌و شتانه‌ وا ڕێكه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مانه‌یان گرتووه‌، له‌و كاته‌ به‌ره‌و سلێمانی كشاونه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ له‌وێوه‌ بووه‌ یان ئه‌و ده‌زگایه‌ی كه‌ پێویست بوو ڕووبه‌ڕووی ئه‌وان ببێته‌وه‌، مه‌فره‌زه‌كانی ئه‌وان گرتوویانه‌ كه‌ ناوه‌ندی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ سلێمانی بووە”.

بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی دەڵێت بە مورەخەسیی بەغدا ئەم نێوەندگیرییەمان کردووە، لە بەرامبەر ئەم کارەش سوپاسی هاوسەرۆکانی یەکێتی کردووە کە گوایە ئەوان لاپەڕەیەکی تازەیان لەگەڵ پێکهاتەکان هەڵداوەتەوە، ئەوان بەبێ هیچ بەرامبەرێک ئەم کارەیان کردووە. هەروەها گوتوویەتی: بابەتەکە سیاسییه‌ نه‌ك یاسایی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ دۆسیه‌ یاساییه‌كه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌.