هەواڵ

وەزیری ناوخۆ ڕوونکردنەوە لەسەر قەدەغەی هاتوچۆ دەدات

وەزیری ناوخۆ ڕای دەگەیەنێت، لە رۆژانی جەژندا هێزە ئەمنییەکان لەسەر سەرشەقام دەبن بۆ رێگریی کردن لە هاتوچۆی هاوڵاتیان، و جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ، بۆ بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێویستە هاوڵاتیان پابەندی بن.

ئەمڕۆ پێنجشەممه‌ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، مەترسیی كۆرۆنا هێشتا لە هەرێمی كوردستان ماوە و بەپێی ئەو حاڵەتانەی لە سلێمانی و هەولێر لەو ڕۆژانە تۆمار كراون، دەبێ هەڵوەستەیەكی رژدی لەسەر بكەین.

دامەزراوەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە دێنەوە سەرشەقامەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل
وەزیری ناوخۆ گوتی، ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری پێویستمان لە كاتی خۆیدا ئەنجام دا و هۆكاری سەركەوتنی ئێمەش ئەوەبوو كە لە كاتێكی زوودا دەستمان بە ڕێكارەكان كرد، بەڵام ئەو ڤایرۆسە لەناو كۆمەڵگەكەمان هێشتا ماوە و سەركەوتن بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا ئەوكاتەیە كە ڤاكسینی پێویست لە ئاستی دنیا بۆ چارەسەریی ڤایرۆسەكە دەدۆزرێتەوە.

لەبارەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە سێ‌ ڕۆژی جەژن ڕوونی كردەوە، لە ئەنجامی هەبوون و مەترسی و هەڕەشەی ئەو ڤایرۆسەیە لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان، داوا دەكەین لە ڕۆژانی جەژن خەڵك پابەندی بڕیارەكان بن و هاتوچۆ نەكەن، چونكە دامەزراوەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە دێنەوە سەرشەقامەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل.

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، گشت مارکێت و نانەواخانەکان و ئەو شوێنانەی پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتیان رێگەپێدراون، بۆ ماوەی (72) سەعات و لەیەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە دادەخرێن.