هەواڵى ناوخۆ

گۆڕان گومانی لە یەکیتی هەیە

لە ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گۆڕان، سەركردایەتی یەكێتی داوای درێژەدان بە هاوپەیمانی نێوانیان دەكات كە لە 2016دا واژوو كرا، بەرپرسانی گۆڕانیش گومانیان لە یەكێتی هەیە.

لە ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، سەركردایەتی یەكێـتی پەیامێكی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا دەڵێن: لەیادمانە دوا هەنگاوی سیاسیی مام جەلال و كاك نەوشیروان، كاركردن بووە بۆ دروستكردنی سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، ئەمڕۆ ئێمە درێژەدان بەو هەنگاوە، بە ئەركێكی سەرەكی خۆمان دەزانین و خەباتی بۆ دەكەین.

لە بەرانبەردا هۆشیار عەبدوڵا بەرپرسێکی گۆڕان، لە تویتەر لەسەر ئەو ڕێككەوتنە نووسیویەتی، دوای واژووكردنی وەرەقەكە، نەوشیروان بەكورتی چەند ڕستەیەكی گوت، داوایی ڤیدۆكەمان كرد پێیان گوتین وێنەگرەكە لەو كاتەدا فۆتۆی گرتووە و تۆمار نەكراون.

هەرچی دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوە گۆڕانە لەسەر ئەو ڕێككەوتنە لە تویتەر نووسیویەتی، دوای چوار ساڵ، یەكێتی نەك هەر پاشگەز بووە، بەڵكو وەك دوژمن سەیری كردین.

دوای ڕێككەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و هەڵبژاردنەكانی دوو ساڵی ڕابردوو و هێرشی یەكێتی بۆ سەر بارەگای سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان، تا ئێستە پێوەندییەكانیان بەرەو لاوازییە و گۆڕان هیچ متمانەیەكی بەو حزبە نەماوە و بە گومانەوە لە پێوەندییەكانی دەڕوانێت.