هەواڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی توندترکردنی رێوشوێنەکانی قەدەغەی هاتوچۆ دەدات

سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە هێزە ئەمنیەکان کرد گرتنەبەری رێوشوێنەکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ توندتر بکەن.

 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، مستەفا کازمی بە یاوەری وەزیری تەندروستی، حەسەن تەمیمی سەردانی شاری پزیشکی لە بەغدا کردووە و لەمیانیدا لەگەڵ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کۆبووەتەوە.

باسی لەوەشکردووە لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، بەدواداچوونی بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی هاتوچۆ کردووە. 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هاووڵاتییان کراوە زیاتر پابەندبن بە رێنماکانی خۆپارێزی و هەروەها داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، گرتنەبەری رێوشوێنەکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ توندتر بکەن.