هەواڵ

پەیامێك لە وەزیری تەندروستییەوە بۆ هاووڵاتییان

سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، رێژه‌ی پشكنینه‌كانی كۆرۆنا زیاد ده‌كه‌ن و ئەگەریش رێکارەکانی خۆپارێزی زیاتر نەکەن توشبوانی کۆرۆنا زیاتر دەبن.

د. سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌میانه‌ی كردنه‌وه‌ی تاقیگه‌یه‌كی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ئاكرێ رایگەیاند، "پێشتر پێشبینی ده‌را كه‌ ژماره‌ی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاد بكات، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا مه‌ترسیه‌كانمان خسته‌ڕو، به‌ڵام به‌هۆی كردنه‌وه‌ی بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان و لاوازبونی متمانه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و نه‌خۆشیه‌ و به‌كارنه‌هێنانی ده‌ستكێش و مه‌مامك وایكرد حاڵه‌ته‌كان زۆر زیاد بكه‌ن".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌گه‌ر رێكاره‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم جێبه‌جێ نه‌كرێت، ڤایرۆسه‌كه‌ زۆر زیاتر ده‌بێت له‌ئێستا، به‌سوپاسیشه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ رێكاره‌كانی توندكرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی تیمه‌كان بتوانن به‌ركه‌وتوان بدۆزنه‌وه‌ و به‌ر به‌ زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ بگرن.

وه‌زیری ته‌ندروستی جه‌ختیشیكرده‌وه‌، وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌مو هه‌وڵێك ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ به‌رگرتن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەوەشی خستەڕو، "ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ شه‌پۆل دوه‌م نیه‌، به‌ڵكو درێژكراوه‌ی شه‌پۆلی یه‌كه‌مه‌، له‌زۆربه‌ی وڵاتانیش ژماره‌ی توشبوان له ‌هه‌ڵكشان و داكشان بوه‌، چه‌ندیش خۆپارێز بكرێت و رێكاری توند بگیرێته‌به‌ر، هه‌ڵكشانی ژماره‌ی توشبوان به‌ره‌و نه‌مان یاخود لاوازی ده‌چێت".

سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردنی توشبوانی نوێی كۆرۆناش، وه‌زیری ته‌ندروستی ئاشكرایكرد، سه‌رچاوه‌ی توشبونه‌كه‌یان دیارنیه‌، نه‌ به‌ركه‌وتویان هه‌بوه‌ و سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشیان نه‌كردوه‌، به‌شێكی زۆریان خۆیان سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانیان كردوه‌، دوای پشكنین ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن، بۆیه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ زیاتره‌ و چوه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌وه‌.

سامان به‌رزنجی باسی له‌ پشكنینه‌كانیش كرد و وتی، "پێشتر له‌ عێراق ته‌نها تاقیگه‌ی پشكنین له ‌به‌غدا هه‌بوه‌، له‌هه‌رێمی كوردستانیش له‌ هه‌رسێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك هه‌بو، له‌قه‌زا و ناحیه‌كان ده‌بو پشكنینه‌كان بنێردرێنه‌ پارێزگاكان، به‌ڵام له‌ ئێستادا ژماره‌ی تاقیگه‌كان بۆ نۆ تاقیگه‌ زیاد كراون و ده‌توانن پشكنینی PCR  ئه‌نجامبده‌ن".