هەواڵ

پەرلەمانتارێکی گۆڕان: بانگەشەی شاسوار بۆ خۆپیشاندان بە مەبەستی خۆدزینەوەیە لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، بانگەشەی خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) کە سەرۆکی گرووپی نەوەی نوێیە بۆ خۆپیشاندان، بە مەبەستی خۆدزینەوەیە لە گەڕاندنەوەی ئەو دەیان ملیۆن دۆلارەی حکوومەت کە وەک قەرز لەسەریەتی.

جەلال محەمەد ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بانگەشەکانی ئێستاش شاسوار عەبدولواحید بۆ خۆپیشاندان دەری دەخات، ”مەبەستی لە نەدانەوەی قەرزەکانیەتی.

ڕوونیشی کردەوە: بە ڕوونی دیارە کە شاسوار عەبدولواحید بە مەبەستی سیاسی و خۆدزینەوە لە گەڕاندنەوەی قەرزەکانی باسی خۆپیشاندان دەکات، بەڵام ئەمجارە خۆپیشاندان دادی نادات و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قەرزەکانی لێ وەردەگرێتەوە.

باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر شاسوار عەبدولواحید راست دەکات و لە خەمی ژیانی خەڵکییە، با دوو ھەفتە لە دوای گەڕاندنەوەی قەرزەکانی باسی خۆپیشاندان بکات. بۆیە ”ئەگەر دەیەوێت سیاسییەکی سەر ڕاست بێت، با لای و چەوتی و هەڵەکانی خۆی ڕاست بکاتەوە“.