هەواڵ

له‌ هه‌ولێر تووشبوویه‌كى كۆرۆنا گیانى له‌ده‌ست دا

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، له‌ هه‌ولێر تووشبوویه‌كى په‌تاى كۆرۆنا گیانى له‌ده‌ست دا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2/6/2020، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "تووشبوویه‌کی كۆرۆنا كه‌ پیاوێكى تەمەن 51 ساڵ بوو، دانیشتووی قەزای دەشتی هەولێر/ بنەسڵاوە، هەڵگری نەخۆشیی دیکەی کوشندە بوو، بەهۆی بوونی نیشانەکانی نەخۆشی بەتوندی و 27ى 5 لە نەخۆشخانە خەوێندرا، دوای مانەوەی پێنج ڕۆژ لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: "وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو، هیوادارین هاووڵاتییان پابەندی ڕێنوێنییه‌ تەندروستییه‌كان بن".