هەواڵ

به‌په‌له‌ .. ھەرێمی کوردستان بەشداریی رێککەوتنی ئەمریکا و عێراق دەکات

سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی شاندێکە بۆ بەشداریکردن لە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریکا.

رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی (باسنیوز)ی راگەیاندووه‌، رێککەوتنی عێراق و ئەمەریکا لە رووی سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، گرنگە.

رێبوار بابکەیی پێیوایە بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان پێگەی سیاسی و ئیداریی ھەرێمی کوردستان بەھێز دەکات و کاریگەریی باشی بەسەر پەیوەندییەکانی واشنتن و ھەولێر، دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە بە ئاماژەکردن بەوەی لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیرە و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو ناوچانە دەستیان بە جموجۆڵ کردووەتەوە، رایگەیاند، لە رێککەوتنەکەی بەغدا و واشنتن، هەولێر بەشداریی لە داڕشتنەوەی لایەنی ئەمنیی عێراق بە تایبەت ناوجە کوردستانییەکان، دەکات.

هەروەک رێبوار بابکەیی رایگەیاند، رێککەوتنەکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێ، چونکە ئەمەریکا ناچار دەبێ پابەندبێ بە ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان و پێشخستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەولێر و واشنتن.

بابکەیی ئاشکراشی کرد، کە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دیاریکردنی ئەندامانی شاندەکەیەتی، کە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات.

پێشتر ماتیۆ تولەر،  باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردبوو ھەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکان بکات.

پێشتر ماتیۆ تیلەر، باڵوێزی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکانی رێککەوتی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگە (مانگی 6ـی 2020)، بەڕێوە دەچن.