هەواڵ

ھەڵسوڕاوێکی گۆڕان: لاھوور جەنگی پارەی خەڵکی کوردستانی لە سپۆنسەری پەیجی جنێوفرۆ خەرج کردووە

هەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕەخنە لە لاهوور جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرێت کە لە ڕێگەی دەزگای زانیاریی حزبەکەیەوە کە هەر خۆی سەرپەرشتی کردووە، پارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستانی لە سپۆنسەرکردنی پەیجە جنێوفرۆشەکانی خەرج کردووە.

کۆمپانیای (فەیسبووک) بە فەرمی داخستنی ٢٣٤ پەیج، ٧١ ئەکاونت، پێنج گرووپ و ٣١ ئەکاونتی ئینستاگرامی راگەیاند کە لە لایەن دەزگای زانیاریی یەکێتییەوە دروست کراون و سەرجەمیان ٤ لیۆن و نیو فۆڵۆوەر و فانیان هەبووە، لە سەرجەم پەیجەکاندا ٢٧٠ هەزار دۆلار خەرج کراوە. کۆمپانیاکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو پەیجانە هەواڵی ناڕاست و درۆیان بڵاو کردووەتەوە و سووکایەتییان بە نەیارانیان کردووە.

لەمبارەیەوە محەمەد شەریف، ھەڵسووڕاوی بازنەی دوکانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، لاھوور جەنگی، جگە لەوەی سەرپەرشتیی چەندین میدیا دەکات، ”ئێستا خاوەنداریەتیی ژمارەیەکی زۆر پەیج و ھەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)یش دەکات و لەڕێگەی پەیجە سێبەرەکانیەوە تۆمەت بۆ حزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان دروست دەکات".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”ئەو پەیجانەی لاھوور جەنگی، مانگانە پارەیەکی زۆریان بۆ خەرج دەکرێت، بێگومان ئەو پارەیەش پارەی گیرفانی خۆی نییە، بەڵکو پارەی خەڵکی زوڵملێکراوی کوردستانە، پارەی ئەو نەوتەی کەرکووکە کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە یەکێتی شارەکەی ڕادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کردووە، بۆیە ئەو پەیجانەی لاھوور جەنگی ھێندەی کەناڵەکانی یەکێتی پارەیان بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام میدیاکانی یەکێتی بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە حزبەکەیان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوەتەوە و مووچەی کارمەندەکانی نادەن“.

پرسیاری ئەوەشی کرد کە ئەگەر یەکێتی قەیرانی دارایی هەیە، بۆچی لاهوور جەنگی ئەم هەموو پارەیە لە پەیجەکاندا خەرج دەکات؟ گوتیشی: ”ئێستا لاهوور جەنگی، بەھۆی پەیج و میدیاکانیەوە شەڕی میدیایی لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حزبەکەی خۆشی دەکات، بیگومان ئەو کارەی لاھوور جەنگی، ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان تێکبدات و زیاتر ناوماڵی کورد پەرتەوازە بێت، ئەوەش ھەڵەیەکی گەورەیە و نابێت ھیچ کەسایەتییەکی سیاسی پارەی میللەت بۆ تێکدانی نێوماڵی کورد بەکار بھێنێت".