سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕەخنەی لە کردنەوەی سەدان پەیج بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ گرتووە و پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ ٢٧٠ هەزار دۆلار لە کوێ هێندراوە تاوەکوو ئەو پەیجانەی پێ سپۆنسەر بکرێت و پارەکەش ”بە با دراوە“.
کۆمپانیای (فەیسبووک) بە فەرمی داخستنی ٢٣٤ پەیج، ٧١ ئەکاونت، پێنج گرووپ و ٣١ ئەکاونتی ئینستاگرامی راگەیاند کە لە لایەن دەزگای زانیاریی یەکێتییەوە دروست کراون و سەرجەمیان ٤ ملیۆن و نیو فۆڵۆوەر و فانیان هەبووە، لە سەرجەم پەیجەکاندا ٢٧٠ هەزار دۆلار خەرج کراوە. کۆمپانیاکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو پەیجانە هەواڵی ناڕاست و درۆیان بڵاو کردووەتەوە و سووکایەتییان بە نەیارانیان کردووە.
لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە نووسینێکیدا بە ناونیشانی
ئه‌وانیش پاراستن ده‌رچوون! ئاماژەی بەوە داوە: ”٢٧٠ هه‌زار دۆلار له کوێ هات و چۆنتان به با دا؟ ئاخر فرمێسکی تیمساحیی ئێوه بۆ بژێویی نانی هه‌ژارێک بوو، خه‌ونی حوشتری ئێوه بۆ خه‌وی زڕاوی قهردارێک بوو، ده پێمان بڵێن ئه‌و هه‌زاران دۆلاره‌تان له کوێ هێنا و چۆنتان خەرج کرد؟“.
ئاماژەشی بەوە داوە کە ٢٧٠ هه‌زار دۆلار، خه‌رجیی ڕۆژانه‌ی چه‌ند ڕۆژی هه‌زاران خانه‌واده‌ی هه‌ژاره، ”ئێوه له ئیرهابی فیکری و شکاندنی ئه‌م و ئه‌وتان خەرج کرد!“.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە کۆمپانیای (فەیسبووک) ”ڕاستی و ماهیه‌تی ئێوه ده‌زانن، ئه‌وان هیچ ئیعتیبراێک بۆ پووڵ و پاره دانانێن، ئه‌گه‌رنا له ئێوه پاره‌دارتر و چه‌ورتریان ده‌ستناکه‌وێ، به‌ڵام ئاکاری نه‌شیاوی ئێوه، لای ئه‌وان ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه“.
پرسیاری ئەوەشی کردووە کە ئاخۆ ئه‌و میلله‌ته گوناحی چیه، به پاره‌ی دزراوی خۆی و به پاره‌ی پیسخۆری، ئه‌وها له‌گه‌ڵ زه‌وق و میزاج و تێفکرینی یاری بکرێ و شه‌ڕی ده‌روونی ده‌رهه‌ق بکرێ.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە داوە کە لەم ماوەیەدا زیاتر لە دوو هەزار بابەت و کاریکاتێر و پۆست و جنێوی جۆراوجۆر لە دژی ئەو لە پەیجەکاندا بڵاو کراوەتەوە، جگە لە هەوڵی هاککردن و ڕیپۆرتکردنی.
لە کۆتاییشدا تێبینییەکی نووسیوە و دەڵێت: ”چاوه‌ڕوانکراوه له ڕۆژانی داهاتوودا له ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یج و سایتانه‌ی ماوتانه، له نوێترین داهێنانی ناڕاستی گۆتندا، بڵاوی بکه‌نه‌وه و بڵێن، کۆمپانیای فه‌یسبووک له‌لایه‌ن پاراستنه‌وه خاوه‌نداریه‌تی ده‌کرێ“.