هەواڵى ناوخۆ

یه‌كێتی دەبێ بەهۆی پەیجە ساختەکانەوە لێپرسینەوە لەگەڵ دەزگای زانیاریدا بکات

چاودێرێک داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، بەهۆی دەرچوون لە ئەرکە بنەڕەتییەکەی و هەوڵدانی بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لێپرسینەوە لە دەزگای زانیاریدا بکات.

پاش ئەوەی کۆمپانیای (فەیسبووک) بە فەرمی داخستنی سەدان پەیج و هەژمار و گرووپی سەر بە دەزگای زانیاری کە لاهوور جەنگی سەرپەرشتی کردوون، لە هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک و ئینستاگرام) راگەیاند و ئاشکرای کرد کە سەرجەمیان ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار فۆڵۆوەریان هەبووە و بڕی ٢٧٠ هەزار دۆلار (٢٧ دەفتەر دۆلار) تەنیا لە سپۆنسەرکردنیاندا خەرج کراوە، کاردانەیەوەکی زۆر لەنێو خەڵکی کوردستان دروست بوو.

لەمبارەیەوە نه‌وره‌س ڕه‌شید، نووسەر و چاودێری سیاسی  رایگەیاند، داخستنی په‌یجه‌كانی سه‌ر به ‌ده‌زگای زانیاری بەهۆی ئەوەی پابەندی سیاسەتی گشتیی کۆمپانیاکە نەبوون و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتییان داوە و جنێو و سووکایەتییان بە خەڵک کردووە، ”ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەزگای زانیاری لە ڕێگەی ئەم پەیجانەوە سیاسەتێکی خراپ و نایاسایی پەیڕەو کردووە، تەنانەت ئەم کارانەی لەو پەیجانەدا کراون، لە ئاستی ناوخۆییدا تاوانن و دەستیان بۆ ماف و ئازادییەکانی خەڵک بردووە“.

چاودێرەکە ئاماژەشی بەوە کرد کە دەزگای زانیاری لە ڕووی واقیعەوە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە لە دوای ١٩٩١ەوە بەشدار و خاوەن دەسەڵات بووە لە کوردستان، ”دەبوایە دەزگاکە لە جێگەی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، هەوڵی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بدایە کە ئەرکی سەرەکیی خۆیەتی“.

هاوکات داوای کرد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێش حکوومەت و خەڵکی کوردستان، ڕژد بێت و لێپرسینەوە لەگەڵ دەزگای زانیاری و ئەو کەسەش بکات کە سەرپەرشتیی دەزگاکەی کردووە و بەم شێوەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری هێناون.