هەواڵى ناوخۆ

ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی روو دەدا، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و بێ باكییە بوو، کە دەیانگووت “كۆرۆنا” نییە

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات، هەر كەس و لایەنێكی سیاسی بە مەبەست پەتای كۆرۆنا لە نێو خەڵكیدا بڵاو بكاتەوە، بە خیانەتكار بناسێندرێت و بدرێتە دادگا.

سه‌عید هه‌ركی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی لە په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاند: “هه‌ركه‌س و لایه‌نێك بە ئەنقەست پەتای كۆرۆنا بڵاو بكاته‌وه‌، گه‌وره‌ترین خیانه‌تی مرۆڤایه‌تی و نیشتیمانی ئه‌نجام داوه‌ و دەشبێت بەخیانەتكار بناسێندرێت“.

ڕوونیشی كردەوە كە ”ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی رووی دا، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و بێ باكییە بوو، هەندێك خەڵكیان هان دا و بانگەشەیان كرد گوایە پەتای كۆرۆنا نییە، ئەوەتا بینیمان كچێكیش لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن دەیگوت كێ كۆرۆنای هەیە با بچم ماچی بكەم“.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان نەیشاردەوە كە ئەو هەوڵدانە بۆ سەلماندنی ناڕاستیی بوونی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، هۆكار بووە بۆ خاوبوونەوەی خەڵكی لە خۆپاراستن. بۆیە هۆشداری دا، ”هەر كەسێك و لایەنێك بە ئەنقەست پەتاكە بڵاو بكاتەوە، هەر لایەنێك بێت، دەبێت بدرێتە دادگا و بەخیانەتكار بناسێندرێت، ئەمە خیانەتە لە میللەت دەكرێت“.