هەواڵى ناوخۆ

بۆچی لاهوور جەنگی لەپێناو سۆران عومەر هەڕەشەی لە ڕێواز فایەق كرد؟

اهوور جەنگی، سەردەستەی تاقمە خیانەتكارەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبەر هۆكارێك، هەڕەشەی لە ڕێواز فایەق كرد تاوەكوو بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵبوەشێنێتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، (ڕه‌وش پۆست) بڵاوی كردەوە كە هەرچەندە ڕێواز فایەق رایگەیاندووە كە هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی سەر سۆران عومەر لە دەسەڵاتی ئەودا نییە، بەڵام لاهوور جەنگی هەڕەشەی ئەوەی لێكردووە كە ئەگەر بڕیارەكە نەدات، ئەوا دەبێت دەست لەكار بكێشێتەوە. لەژێر ئەو فشارانەشدا ”ڕێواز فایەق شكۆی خۆی و پەرلەمانی شكاند و بڕیارێكی دەركرد كە هیچ بەهایەكی یاسایی نییە“.

پێشتر (ڕه‌وش پۆست)  ئاشكرای كردبوو كە هۆكاری بەرگریكردنی لاهوور جەنگی لە سۆران عومەر ئەوەیە كە سۆران عومەر ساڵانێكی زۆرە بە نهێنی كار بۆ لاهوور جەنگی دەكات. تەنانەت لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا مەلا كرێكار رای گەیاندووە كە هەرچەندە سۆران عومەری وەك كوڕی خۆی داناوە، كەچی سۆران عومەر بۆ بەرژەوەندیی لاهوور جەنگی و دەزگای زانیاریی یەكێتی، سیخوڕی بەسەرەوە كردووە. لە بەرامبەریشدا لاهوور جەنگی پارە و ئیمتیازاتێكی زۆری بە سۆران عومەر داوە.

لەمبارەیەوە دانەر عەبدولغەفار، یاساناس بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناو‌خۆی په‌رله‌مانی كوردستان و پاڵپشت به‌ ماددەی ‌(24) له‌ په‌یره‌وه‌كه‌ ئەنجام دراوە، ئه‌وه‌ی نائاساییه‌ ئه‌م هه‌موو هەرایەیە كه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كە دروستكرا و كۆمه‌ڵێك پاڵه‌وانی ساختە دروستبوون، په‌رله‌مانتار یاسادانه‌ره‌، ده‌بێت له‌ هه‌مووان زیاتر پابه‌ندی یاسا بێت".

ڕوونیشی كردەوە: ”ئه‌و بڕیاره‌ى رێواز فایه‌ق داویه‌تى، نایاساییه‌ و هیچ به‌ند و ماددە‌یه‌كى یاسایى پاڵپشتی ناكات، سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش ناتوانێت یاخود ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى نییە کە هه‌رچیه‌كى بوێت بیكات، ئه‌و بڕیاره‌ى كه‌ ده‌كرێت و ده‌رچووه‌، به‌ ته‌واوى پێچه‌وانه‌ى یاسایه‌".

روونیشكرده‌وه‌: "ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌نجامى دا كارێكى زۆر هه‌ڵه‌یه‌ نه‌ك بۆ خودى خۆى، به‌ڵكو بۆ هه‌موو كوردستان، چونكه‌ دنیایه‌كمان نیشان ده‌دات له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسایه‌، ده‌چینه‌ نێو گێژاوێک، هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى هه‌یه‌تى له‌ په‌یڕه‌وه‌ى ناو‌خۆى په‌رله‌مان دیارى كراوه‌، له‌ هیچ  یه‌كێك له‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ نه‌هاتووه‌ كه‌ پارێزبه‌ندى ئه‌گه‌ر هه‌ڵگیرا، ئه‌و هه‌ڵى بوه‌شێنێت".