هەواڵى ناوخۆ

هاوسەرۆكێكی بێزراو.. كوردستان ددانى پێدا نانێ و بەغدا پێشوازى ناكات

لاهوور جەنگی، برازاى جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتی كە تا لە ژیاندا مابوو، لەخۆی دوور خستبووەوە و نەیدەویست لەناو حزبەكەیدا جێی ببێتەوە، توانی لە یەكەم كۆنگرەی دوای كۆچی جەلال تاڵەبانی ، بە یاوەریی بافڵ تاڵەبانی، بچێتە شوێنەكەی و لێرەشەوە لەڕووی عەشیرەتگەری و شێخایەتییەوە، توانی شوێنەكەی باوكی بگەڕێنێتەوە، چونكە جەنگی كە براگەورەی جەلال تاڵەبانی یه‌، دەبوو دوای شێخ حوسامەدینی باوكیان، ببێتە سەرگەورەی تاڵەبانییەكان، بەڵام بەهۆی لێهاتوویی جەلال تاڵەبانی و چوونی بۆ ناو كاری سیاسی، توانی ئەستێرەی گەشی كاكی بكوژێنێتەوە، ئەمەش وای كرد هەردەم كوڕەكانی بە چاوی ڕقەوە دەیانڕوانییە مامیان و حزبەكەشی، تا ئەم ئەمڕۆژەی بەدوادا هات و شوێنیان بەوان بە ماڵە خەزوورانیشی (ماڵی برایم ئەحمەد) لەق كرد.

چۆن ماڵی جەنگی حزبەكەی جەلال تاڵەبانی یان داگیر كرد؟
دەرفەتی زێڕینی خزمەكانی جەلال تاڵەبانی بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە چووە بەغدا، ئاڵا تاڵەبانی توانی لە ڕێی پەرلەمان و ئاراس شێخ جەنگی بەناوی ڕاوێژكارییەوە، لەگەڵیدا گەیشتنە پایتەختی عێراق و لەوێوە ئەو پەیوەندییە ژێربەژێرەی بەدزی جەلال تاڵەبانییه‌وه‌ لەگەڵ شیعە دروستیان كرد بەهێزتر بوو، تا گەیشتە ئەوەی بوونە جێی متمانەی یەكەمیان و لە ڕێی ئەوانەوە دەروازە سنوورییەكانی سلێمانی بەڕووی ئێران و سوپای قودسدا كرایەوە.
لە سلێمانیش بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنی لەدەست خۆیان بێت، كەس لێپرسینەوە لە هێنانی ماددەی هۆشبەر و هاتنی ترافیكی سوپای قودس و قاسم سولەیمانی و حەشدی شەعبی و حزبوڵا نەكات، پێویستیان بەوە بوو بە فەرمانی ئێران مام جەلال ناچار بكەن دەزگە ئەمنییەكانی شارەكە بە تەواوی بدرێتە دەست ماڵی شێخ جەنگی.
جەلال تاڵەبانی وای دەزانی ماڵی كاكی لەڕێی بە بنەماڵەییكردنی حزبەكەیان هەلێكی باشن بۆ مانەوەی خانەوادەكەی و سەركەوتنی كوڕەكانی، بێئاگا لەوەی ئەوان خەریكی كۆنەقینن، لەپێشدا دەبێ تەسفییەی حساب لەگەڵ ماڵی برایم ئەحمەد بكەن، چونكە پێیان وایە ئەگەر ئەو كەسە نەبوایە بە خەزووری مام جەلال، نەیدەتوانی ئاوا بەڕەیان لەژێر دەربێنێ، بۆیە هەنگاوی یەكەمیان پێش كۆنگرە بە پاشخۆكردنی هێرۆ و شاناز سەركەوتوو بوو.

چەند ساڵێك پێش كۆنگرە
لەكاتێكدا لەڕێی تۆقاند و بەكارهێنانی شێوازە كلاسیكییەكانی دەسەڵات، توانیان سەركردایەتیی یەكێتی لاواز بكەن و بیانخەنە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە، ئەوانە نەبێت كە خاونەی ئیرادەی خۆیانن، وەك كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری سكرتێری گشتی و نەجمەدین كەریم پزیشكی تایبەت و نهێنیپارێزی سكرتێر و مەلا بەختیار و چەند كەسێكی تر. ئەوانی دیكە بە تەواوی حزبەكەیان وەك بەڕە خستە بەردەمی و لەڕێی تەخشانوپەخشانی پارە كە لە ئێرانەوە بۆی دەڕژا، كێرڤی خۆیان لەو حزبە بەرز كردەوە.

ڕیفراندۆم و تێكچوونی پیلانەكانی ماڵی جەنگی
بەهۆی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە، ئەوەی ئێران چاندبووی بە دروستكردنەوەی یەكێتییەی دژ بەرانبەر پارتی، تێك چوو، چونكە دوایین ساڵەكانی جەلال تاڵەبانی بە تەواوی یەكێتییەكی ئاشتیخواز لەگەڵ پارتیدا مامەڵەی دەكرد، ئەمەیش بۆ ئێران جێگەی مەترسی بوو. بۆیە هەر لە سەروبەندی ڕیفراندۆمدا، بە شێوەی بەردەوام قاسم سلێمانی سەردانی سلێمانی دەكرد و خەریكی شتێك بوون، تا ئەو كاتە جگە لە خۆیان كەسی تر نەیدەزانی، بەڵام دوای ڕیفراندۆم، بە تێوەگلاندنی بافڵی ئامۆزایان، توانیان خیانه‌تی ١٦ ئۆكتۆبەر دروست بكەن كوردستان زیاتر لە نیوەی خاكەكەی لەدەست بدات. بافڵ كە بووە بە هاوسەرۆكی یەكێتی، پاداشتی ئەم تێوەگلانەیە ئێران دەیداتەوە.

دوای كۆنگرە
كۆنگرەی یەكێتی بە پشتگوێخستنی دەستەی دامەزرێنەرانی حزبەكە وەك كۆسرەت ڕەسووڵ و تەواوی كامڵەكانی تر، توانیان سەرۆكایەتیی وەربگرن و لاهوور شوێنەكەی جەنگی باوكی وەبگرێتەوە كە پێیان وا بوو مام جەلال لێی زەوت كردوون، ئەمەش واتە ئیتر یەكێتی و سلێمانی بە تەواوی زەوییەكی لەبارن بۆ پیلان و ئیشەكانی داهاتوویان كە لە ڕأستیدا بەرنامەكە هێزی هەرێمی دایڕشتووە و دەبێ پارتی كە سەربەخۆیی كردووەتە ئامانج لێی بدرێ و گۆڕان كە دەیەوێ سلێمانی لەدەست مافیا نەبێ، تەهێڵدرێ.

سەرۆكێكی قینلەدڵ و كەسایەتییەكی لاواز
لاهوور جەنگی، وێڕای ئەوەی تەختی یەكێتی بۆ چۆڵ بووە، بەڵام هێشتا گەنجێكی تازەپێگەیشتووە و سەرگەرمییە گەنجانەكانی سارد نەبووەتەوە و لە هەڵەشە كار دەكات، هەروەها لەناخیدا تووشی گرێیەك بووە كە دەیەوێ هەرچۆنێك بێت حزبەكانی كوردستان ددانی پێدا بنێن و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەش ڕێزلێگیراو بێت، ئەمەش ئاسان نییە، چونكە تەنیا دەتوانێ لەناو حزبەكەی و زۆنە داخراوەكەی خۆی ڕێزی زۆرەملێ دروست بكات. هەموو ئاماژەكان دەری دەخەن لاهوور دوچاری هیستیریا بووە و شەڕ بە دار و بەرد دەفرۆشێت چونکە کەس وەک هاوسەرۆکی یەكێتی لێی ناڕوانێت و تەنانەت لەناو سەركردە پیرەكانی حزبەكەشی خاین و دەگگەچی تەماشای دەكەن، بەڵام سڵیشی لێ دەكەنەوە، چونكە چیرۆكی ئابڕووچوونەكەی سەعدی پیرە كە لاهور دروستی كرد، لەگەڵ زۆری تردا تاقی كردووەتەوە و لە بەرامبەر پابەندبوونیان مەلەفی ئەخلاقییان بڵاو ناكاتەوە.

لاهوور لە عێراق
سه‌ردانه‌كه‌ی‌ لاهوور جه‌نگی‌ له‌ ڕۆژی‌ دووی‌ مانگ بۆ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی‌ باسكردنی‌ لامه‌ركه‌زی‌ بوو بۆ سلێمانی‌، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق پێی‌ گوتبوو ئه‌وه‌ پرسێكی‌ ده‌ستووری‌ نییه‌ و ناتوانن پشتگیری‌ لێ‌ بكه‌ن و بگەڕێرەوە بۆ هەولێر، لەوێ حلی بكە، ئەمە جیا لەوەی هیچ بەرپرسێكی تری عێراق ئامادە نەبوون پێشوازی بكەن، ئەمەش دەری دەخات، هاوكێشەكانی عێراق دوای مردنی قاسم سلێمانی گۆڕابێت، چونكە لەوەتەی ئەو مردووە یه‌كه‌مجار نییه‌ لاهور له‌و جۆره‌ سه‌ردانانه‌یدا شكست ده‌هێنێ‌، پێشتریش چه‌ندان جاری‌ تر سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ كردووه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح كه‌س پێشوازی‌ لێ‌ نه‌كردووه‌.