هەواڵى ناوخۆ

هۆشیار زێباری: هێرشەكەی توركیا زەنگێكی مەترسیداره‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداری لە هێرشەكەی توركیا بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان دەدات و بە زەنگێكی مەترسی وەسفی دەكات.

هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە تویتێكدا رای گەیاند: ”لەشكركێشیی ئەم دواییەی توركیا بۆ سەر كوردستان لە سنووری زاخۆ، پێشڤەچوونێكی جیۆسیاسیی زۆر جددییە“.

هاوكات جەختی كردەوە كە ئەم هەموو هێرشە زەنگێكی مەترسین، لە هەمان كاتیشدا قسەكردنی بەرپرسانی توركیا لەبارەی زیندووكردنەوەی بابەتی مێژوویی ویلایەتی مووسڵ، ”زیاتر بێزاركەرە“.

پێشتر چەندان سەرچاوە جەختیان كردووەتەوە كە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە ناوچەی (حەفتانین) لە زاخۆ بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا ئەنجام دراوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا تا ئێستا، ژمارەیەك هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون. جگە لەوەی فڕۆكەكانی توركیا لە ناوچەی گەشتیاریی (كونەماسی) لە باكووری سلێمانیش بۆردومانێكیان ئەنجام داوە و ژمارەیەك هاووڵاتیی مەدەنییان لە پاڵ چەند گەریلایەكی پەكەكە، كردووەتە ئامانج.