وتار

نوێبوونەوەكەی یەكێتی و چەند سەرنجێك!

نووسینی: كەمال ڕەئوف

لەدوای كۆنگرەی یەكێتی، كە ناوی “نوێ بوونەوە”ی لێنرابوو، دەبوو یەكەم كاری هاوسەرۆكەكانی یەكێتی، ڕادەستكردنەوەی بینای مەكتەب سیاسییەكەیان بوایە، كە موڵكی وەزارەتی پەروەردەیە، ئاخر ناكرێت ئەو هەموو ساڵە یەكێتی حاكمی یەكەمی ئەم ناوچەیە بێت و بەشی ئەوە زەوی‌و موڵكی نەبێت، كە مەكتەب سیاسییەكەی لە بینایەكی پەروەردەدابێت و لەناو ئەو بینایەوە گفتوگۆی چاكسازی بكرێت و بەڵێنی نوێبوونەوە بدرێت.

كەس نییە نەزانێت كە ساڵانێكی زۆرە غەدر لە سلێمانی دەكرێت، بۆیە هەق وابوو یەكێتی دوای كۆنگرە هەنگاوی یەكەمی ئەوە بوایە لە ئیدارەی سلێمانی كە لە بندەستی خۆیەتی، گۆڕانكاری ڕیشەیی بكات‌و بە شەفافییەت داهاتی ئەم ناوچەیەی بخستایەتە ڕوو، دەستی لەبازاڕ و زانكۆ‌و تێكەڵكردنی ئیشی حیزب و حكومەت هەڵگرتایە.
ئێستا لەم دۆخەدا، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنگی بەخەڵك هەڵچنیوە، سێكتەری تەندروستیی بن دەستی قەڵەمڕەوی یەكێتی لە پەرێشان خراپترە، سەرباری لەخۆبوردەیی كارمەندانی تەندروستی و دكتۆرە بەڕێزەكان و كەفائەتی زۆر، كەچی تەندروستی سلێمانی واحاڵیان خراپ بووە، تەنانەت ناتوانن پشكنینی پێویست بۆ بەركەوتووەكان بكەن، لە بەرانبەردا هاوسەرۆكەكانی یەكێتی هیچ بەرپرسیارییەكیان نەخستووەتە سەرشانیان، كە دەكرا لە ڕێگەی گەڕانەوەی بەشێك لە داهاتی سنورەكان و داهاتی كۆمپانیاكانیان، دۆخەكەیان بگۆڕیایەو بەدەستپێشخەری یەكێتی، كە ساڵانێكی زۆرە پشكی گەورەی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو داهاتەی لەلایە، بەبڕێكی بەرچاو لە بەخشینی پارە، هەڵمەتی نیشتیمانی كۆكردنەوەی كۆمەكیان بكردایە، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر بۆ نەخۆشخانەی هیوا و چەند پڕۆژەیەكی تر كرابوو.

یەكێتی ئەوكاتە ئەیتوانی فشارێكی كۆمەڵایەتی لە دەرەوەی چوارچێوەی حیزبییەوە لەسەرشێوازی حوكمڕانی پارتی دروست بكات، كە دوای كۆنگرە خاڵی وەرچەرخانی دروست بكردایەو دەستی خۆی بە هەموو كەموكورتییەكانەوە بۆ خەڵك بخستایەتە ڕوو، تا چیتر بزنس و سیاسەت تێكەڵ نەكرێت و جیاوازی ئیدارەی قەڵەمڕەوی دروست بكردایەو دژی گەندەڵی هەنگاوی عەمەلی هەڵبگرتایە.

سەركردایەتی نوێی یەكێتی دەبوو مەرجی سەركەوتنی نوێبوونەوەی دوای كۆنگرەیان ببەستایەتەوە، بەڕادەی ئاستی سەركەوتنیان لە ئاشتكردنەوە و نزیك كەوتنەوەیان لەخەڵك و دروستكردنی گۆڕانكاری لە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك، نەك بەسەرخستنی كۆمەڵێك و گۆڕانكاری لە خیتاب لەگەڵ پارتی، گەر یەكێتی بڕوای بەكاری ئایندە و هەستانەوەی خۆی هەیە، دەبوو ئەوە بكات، چونكە ئەوە ڕێگا دروستەكە بوو، دەبوو بەشێنەیی و مەحكەمی بەئیرادەوە، لێرەوە هەنگاوی هەڵبگرتایە بۆ نوێبوونەوەكەی، نەك بە گرتنەبەری هەڵوێستی پەرچەكردار لە بەرامبەر ئەوانی دی.