هەواڵ

لاهوور جەنگی: زیاتر لە ١٢ ئافرەت بۆ لەخشتەبردنی كادیرێكی پێشووی یەكێتی دەنێرن

عومەر زەنگەنە، كادیری پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی تاقمێكی نێو حزبەكەوە دەستی بە بڵاوكردنەوەی بەڵگەكانی بەردەستی كردووە، ئاشكرای كرد كە لە لایەن تاقمەكەی لاهوور جەنگییەوە پیلانی جۆراوجۆری لە دژ دەگێڕدرێت كە یەكێك لەوانە بەكارهێنانی ئافرەت بووە.

عادل حەمید خانەقینی، ناسراو بە عومەر زەنگەنە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناونیشانی (هەوڵە شکستخواردووەکانیان دژی من) بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد كە لە ڕێگەی پێدانی بڕێكی خەیاڵی پارە و پۆست، تەنانەت بەڵێنیان داوە لە بەرامبەر بێدەنگبوونی، كۆمپانیایەكی گەشتیاری لە ئەورووپا بۆ دابمەزرێنن و لەمبارەیەشەوە هەموو بەڵگەكانی پاراستووە.

ڕوونیشی كردووەتەوە كە پاش ڕەتكردنەوەی پارەكە، هەڕەشەی جۆراوجۆر لە دژی خۆی و خوشكێكی دەستی پێكردووە و تەنانەت “هەڕەشەی زیانگەیاندن و دارکاری و لەناوبردنی خۆم بە شێوەیەک کەس هەست نەکات، ڕووداوی پلان بۆ دانراو و کوشتن بووە. بۆ ئەمەش هەموو دەنگ و بەڵگەنامەکان پارێزراون و پۆلیس لێی ئاگادارە”.

هەر لە نووسینەكەیدا ئاشكرای كردووە كە پرۆسەیەكی گەورەی ناوزڕاندنی و تۆمەتباركردنی بە خۆفرۆشی بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە ڕێگەی كۆمێنت و “لە پەیجە داخراوەكانی لاهوور جەنگیدا چ بە شێوەی دەماودەم و بڵاوكردنەوەی بە خێرایی لە ڕێی دەزگایەكی ئەمنییەوە” بەڕێوە بردراوە.

عومەر زەنگەنە باسی ناردنی ئافرەتیشی كردووە لە لایەن هەمان تیم و نووسیویەتی: “هەوڵێکی پلان بۆ دانراوی سکەنداڵ و ئابڕووبردن لە ڕێی ژمارەیەک ئافرەتی قوربانی دەستی دەزگایەکی ئەمنی، دەتوانم بڵێم زیاتر لە ١٢ ئافرەت بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییان پێمەوە كردووە، تەنیا سیانیان ناسراو بوون لام، دووانیان لەنێو سویدن و ئەویتریان ژنە شاعیرێک بوو له دەرەوەی سوێد، ناویان پارێزراوە لای من و بە ڕوونیش پێموتن ئێوە قوربانین”.

بە گوتەی ئەو كادیرەی پێشووی یەكێتی، پاش ئەوەی سەرجەم هەوڵەكانی پووچەڵكردووەتەوە، هەوڵی هاككردنیان داوە و دواجاریش لە لایەن كۆمپانیای (فەیسبووك)ەوە بە شێوەیەكی كاتی هەژمارەكەی داخراوە.

لە كۆتاییشدا دەڵێت: “شۆڕشەکەم بەردەوامە، خیانەت له ویژدانی کوردانەم ناكەم و سڵ لە درکاندنی نهێنی و زانیارییە ورد و درشتەکان ناکەمەوە، ئەگەر باجەکەشی زۆر قورس بێت”.