وتار

ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبوایە، چارەنووسی سۆران عومەر چی دەبوو؟

به‌رهه‌م عه‌لی

سۆران عومەری (پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی!) و ئەندامی (فەخری)ی دەزگای زانیاریی یەكێتی، لە تازەترین فەرماییشتیدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان دەكات، من نازانم چۆن دۆخی شارەكەم (سلێمانی) گەیشتە ئەوەی، كوردێك جورئەت بكات، لە شاری هەڵمەت و قوربانیەوە، بێ شەرم و ترس، داوای نەهێشتنی تاكە قەوارەی یاسایی و دەستووریی كورد بكات لە جیهاندا! بەڵام ئەوەندە دەزانم، ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەبوایە، بەدڵنیاییەوە چارەنووسی سۆران عومەر دەكەوتە نێو یەكێك لەم ئەگەرانەوە:

ئەگەر قەوارەی یاسایی و دەستووریی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان نەبوایە، سۆران عومەر لەبری ئەوەی پەرلەمانتار بێت و ماوەی حەوت هەشت ساڵ، مووچەی هەشت نۆ ملیۆن دیناری وەربگرێت، بەهۆی ئەو پاشخانەی كە لەگەڵ گرووپەكانی جوندلئیسلام و ئەنساڕولئیسلامدا هەیەتی، دەبووە چەكداری داعش، ئیدی لەنێو داعشدا تا ئێستا یان تیا دەچوو، یاخود ئێستا لە چیای حەمرین یان قەرەچووخ بوو لەگەڵ برایانی جیهادیدا! یان یەكێك لەو چەكدارە ئیسلامییانەی سەر بە توركیا دەبوو و مانگی بە مووچەی ٥٠٠ لیرەی توركی دەجەنگا، ئیدی ئەوكات یان لە دژی شەڕڤانانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان شەڕی دەكرد، یاخود لە لیبیا پێش سوپای توركیا دەكەوت.

ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و پرۆسەكانی هەڵبژاردن و دیموكراتیەتەكەی نەبوایە، رەنگە سۆران عومەر، لەبری ئەوەی چەند ساڵێك سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ بێت لە پەرلەمانی كوردستان، لەپای كوشتارگەی خێڵی حەمە كە نزیكەی چل پێشمەرگەی قارەمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی تێدا سەربڕدرا، ئیستا وەك هەر چەكدارێكی تری گرووپە تیرۆریستیەكان لەسێدارە بدرایە، یان گرووپی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە زیندانەكانی سلێمانیەوە، رادەستی راكان جبوورییان دەكردەوە لە كەركووك و ئیدی ئەوكات لەبری شوقە خۆشەكانی پەرلەمانتاران لە هەولێر، رەنگە نیشتەجێی شارۆچكەیەكی كاولبووی وەك حەویجە بوایە.

ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەبوایە، رەنگە هەر ساڵی ٢٠٠٣ لە تەوێڵە و بیارە، پارچە مووشەكێكی ئەمریكی كە لە دەریای سوورەوە ئاراستەی ناوچەی هەورامانی كرد، سۆران عومەری بپێكایە، یان رەنگە لەو بوردومانە بە ئوعجووبە رزگاری بوایە و بە حاڵی جاو، ئاودیوی سنووری رۆژهەڵاتی كوردستان بوایە (سنووری كۆماری ئیسلامیی ئێران) رەنگە ئێستا لە بازاڕی بانە تەسبیحی بفرۆشتایە! لەگەڵ رێز و خۆشەویستیم بۆ تەسبیح فرۆشانی بانە.

ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەبوایە، سۆران عومەر ئێستا لەبری ئەوەی مانگانە چەندین ملیۆن دیناری مووچەی خۆی و چەندین (پاسەوانی پەرلەمانتاری) لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، رەنگە خۆی بووبوایە بە پاسەوان و حیمایەی كەسێكی وەكوو مەلا شوانی داعش!

ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەبوایە، رەنگە سۆران عومەر لەبری ئەوەی هەموو جارێ بچێتە نێو خۆپیشاندەرانی سلێمانیەوە و قسە بۆ خۆپیشاندەران بكات و خۆی بكاتە پاڵەوانی فریادڕەسی دژە گەندەڵی! ئەو وەخت رەنگە كەسوكاری شەهیدانی خێڵی حەمە، بچوونایەتە سەر ماڵی سۆران عومەر و پەلكێشیان بكردایەتە دەرەوە و لەپای رژانی خوێنی رۆڵەكانیان، تۆڵەیان لێ بكردایەتەوە.

ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەو رەوشە سیاسییەی نێو هەرێم نەبوایە، لاهوور جەنگیی هاوسەرۆكی یەكێتییش كە چەند ساڵێكە وەك باوك و برا وایە بۆ سۆران عومەر و وەكوو داشی دامە دەیجووڵێنێت، ئەو وەخت شەرمی دەكرد لەوەی بەرگریی لێ بكات و فشاری نەدەكردە سەر سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، كە بەشداریی بڕیاری هەڵگرتنی حەسانەكەی نەكەن.

ئەگەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان نەبوایە، سۆران عومەر لەبری ناسنامەی پەرلەمانتاری و پاسپۆرتی تایبەت و مافی سەفەر و شاند و ئۆتۆمبێلی ئاخر مۆدیل و ئیمتیازەكانی تر، رەنگە ئێستا لە یەكێك لە گوندەكانی سووریا، یان ناسنامەی موجاهیدی موهاجیری داعش، یان ناسنامەی بەرەی نوسڕە، یان چەكدارە تیرۆریستە ئیسلامییەكانی سەر بە توركیای بە ئاڵای ئەو وڵاتەوە لە باخەڵدا بوایە.... وەڵاهو ئەعلەم...

ئیدی كاك سۆران بۆچی شەو و رۆژ نانێك ناخۆیت و نانێك ناكەیت بە خێر بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان، كە لەو چارەنووسە رەشانەی رزگار كردیت و ئەو هەموو خێر و خێراتەی بەسەردا رشتیت؟... حەسەن رابی كە نووسەر و چالاكوانێكی نیشتەجێی سلێمانیە، لە پۆستێكی فەیسبووكیدا كە ئاراستەی سۆران عومەری كردبوو، زۆر جوانی بۆ هاتووە كە نووسیویەتی: ”قەوارەی هەرێمی كوردستان لەپای ئەوەی لەو پاشخانە توندڕەویەت خۆش بوو و رێی بۆ خۆش كردیت ببیتە ئەندامی پەرلەمان، شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، نەك هەڵوەشاندنەوە!“.