هەواڵ

به‌ فەرمانی سەرۆکی حکومەت هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن بە دیجیتاڵی دەکرێت

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەک بەشێک لە هەنگاوە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم خەرجییەکانی بەکاربردنی حکومەت بە ئه‌لکترۆنی دەکرێت و له‌ مانگی ته‌موزه‌وه‌ هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن دەکرێت بە دیجیتاڵی، ئەوەش  دەبێتە هۆی زیادبوونی شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، به‌ فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن لەم مانگەوە بە دیجیتاڵی دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەم پێشکەوتنە بەشێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بە مۆدێرنکردنی کارەکانی حکومەت و هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پێناو نەهێشتنی روتین و هەوڵدان بۆ کارا کردن و چالاک کردنی کاروباری هاوڵاتییان. هەروەها بەشێکیشە لە پرۆسەی چاکسازی کە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیادبوونی روونی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی".

وەزیری دارایی ئەوەشی خستوەتەڕو، تا زیاتر بتوانن کۆنترۆڵی خەرجییە بەکاربەرەکانی حکومەت بکەن، زیاتر دەتوانین کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و سوودی هاووڵاتییان بکەن.

بە گوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی، ئەم سیستەمە ئۆنڵاینە لەم مانگەوە لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت جێبەجێ دەکرێت و هەموو خەرجییەکانی حکومەت تا کۆتایی مانگی تەموز، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەست دەبێت و داتاکان لە سەنتەری داتای حکومەت کۆ دەکرێنەوە. ئەمەش وا دەکات "حکومەت کۆنترۆڵی بەسەر خەرجییەکانییەوە هەبێت و داتاکانیش دەتوانن بۆ دانانی پلانی ستراتیجیی دارایی یارمەتیدەر بن".