هەواڵ

ئەمریکا دیپلۆماتێکی باڵای دەکاتە کۆنسوڵی نوێی وڵاتەکەی لە هەولێر

ئەمریکا کۆنسوڵی گشتیی وڵاتەکەی لە هەولێر دەگۆڕێت و رۆب وۆڵەر کە دیپلۆماتێکی باڵای وڵاتەکەیەتی و بەڕێوەبەرى ئۆفیسی کاروبارى عێراق بووە لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، دەکاتە کۆنسوڵی نوێی وڵاتەکەی لە هەولێر. 

رۆب وۆڵەر ئەو دیپلۆماتکارە گەورەیەی ئەمریکایە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەک کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەستبەکاردەبێت. وۆڵەر بەرپرسی کاروباری عێراقە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەکێکە لە دیپلۆماتکارە بەنێوبانگەکانی ئەمریکا و پێشتر دیپلۆماتکاری وڵاتەکەی بووە لە ئیمارات و سویسڕا. 

وۆڵەر لە ساڵى 2018ـەوە بەڕێوەبەرى ئۆفیسی کاروبارى عێراق بووە لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و چەندین جار دیدار و کۆبوونەوەى لەگەڵ شاند و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان و عێراق هەبووە. 

ستیڤ فەیگن، کۆنسوڵی ئێستای ئەمریکا لە هەولێر لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر نووسیویەتی "لەگەڵ ئامادەکاریم بۆ جێهێشتنی هەولێر کە ئەم دوو ساڵەی رابردوو وەک ماڵی خۆم سەیرمکردووە، حەزدەکەم سوپاسگوزاریی خۆم ئاراستە بکەم لەبەرامبەر هاوڕێ و یادگاری و پێکەوە بەدەستهێنانی کاری شایستە و مانادار لە هەولێر." 

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەدات کە لە چەند رۆژی داهاتوودا رۆب وۆڵەر، وەک کۆنسوڵی گشتیی و کەیتی کایزەر، وەک جێگری کۆنسوڵی گشتی لە هەولێر دەستبەکاردەبن. 

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا پیرۆزبایى لە رۆب وۆڵەر بەڕێوەبەرى کاروبارى عێراق لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا کرد بەبۆنەى دەستنیشانکردنى وەک کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکە نوێکەیدا.  

بەپێی راگەیێنراوێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، لەم هەفتەیەدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى پەیوەندى تەلەفۆنییەوە گفتوگۆى لەگەڵ رۆب وۆڵەر هەبووە و باسیان "لە ئاڵنگارییەکانى بەردەم هەرێمى کوردستان لەڕووى ئابوورى و تەندروستى گشتى و هەروەها پاڵپشتى هێزە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ سەرۆکوەزیرانى نوێى عێراق مستەفا کازمى کردووە". 

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا رۆب وۆڵەر لە پۆستەکەی دەستبەکاربێت و شوێنى ستیڤ فەیگن بگرێتەوە کە ئێستا کۆنسوڵى گشتیی ئەمریکایە لە هەولێر.  

ئەمریکا بە نیازە گەورەترین کۆنسوڵخانەی خۆی لە هەولێر بکاتەوە. رۆژی 06-07-2018 بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆز و کۆنسوڵی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر، بەردی بناخەی باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دانرا. 

کۆنسوڵخانەکە کۆمەڵگەیەکی فرە باڵەخانەییە و لەسەر رووبەری 51 فەدان (214 هەزار مەتر دووجا) زەوی لە ھەولێر دروستدەکرێت. بودجەی گشتیی پرۆژەکەش 795 ملیۆن دۆلارە. نزیکەی هەزار کەس لە ھێزی کاری ئەمریکی و کەسانی خۆجێیی بەشدارن لە بونیاتنان و دروستکردنی باڵەخانەکە. 

باڵەخانەی کۆنسوڵخانەکەی ئەمریکا لە هەولێر لەسەر ئاستی جیهان دەبێتە گەورەترین کونسوڵخانە و بە چوار ساڵ تەواودەبێت.