هەواڵى ناوخۆ

مستەفا چاوڕەش: ڕێككەوتن لە نێوان دژە تیرۆری سلێمانی و هێزێكی عێراقی كراوە

فەرماندەی یەكەی حەفتای پێشمەرگە كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە رای گەیاند، ڕێككەوتنێك لە نێوان دژە تیرۆری سلێمانی و هێزێكی عێراقیدا كراوە، بەڵام ئەو ئاگاداری نەبووە.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەكەی حەفتای پێشمەرگە رای گەیاند: ”ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی كه‌ ئه‌نجام درا، دیاره‌ ڕێكه‌وتنێك كرابوو، من خۆم ١٠٠٪ ئاگاداری نه‌بووم، چوار میحوه‌رمان هه‌یه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ من لێپرسراوم، له‌وێ هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق، ئێمه‌ و ئه‌وان دانیشتووین، له‌باتی ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌ڕه‌ تفه‌نگ بكه‌ین، ڕێكه‌وتنێكمان كردووه‌ كه‌ ١١ كیلۆمه‌تر له‌ نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا بێت، لێپرسراوی میحوه‌ره‌كان ڕێكه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه‌“.

هەروەها باسیشی لەوە كردووە كە دژە تیرۆر لەگەڵ هێزەكانی عێراق ڕێككەوتنێكی كردووە و چەند ئۆپەراسیۆنێكی ئەنجام داوە كە ئەو ڕێككەوتنەكەی بە ئەرێنی وەسف كردووە.

ئەوەشی بۆ بەشی كوردیی (دەنگی ئەمریكا) ئاشكرا كردووە كە ئێستا مەترسی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی ناوچەكەدا هەیە و دەڵێت: ”ئه‌و نه‌فه‌سه‌ی كه‌ عێراق هه‌یه‌تی، له‌م كاته‌ هیچ پێویست ناكات، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعشه‌ ئه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی لای خۆیانه‌، ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئێمه‌ی لێین، نه‌مانهێشتووه‌ داعش بێنه‌ پێشه‌وه”.