هەواڵ

ئومێد خۆشناو: بە ڕوونی بە فراكسیۆنی یەكێتیمان گوتووە كە فراكسیۆنی پارتی ناچێتە ژێر هیچ فشارێك

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی تەمووزی ٢٠٢٠، بە ڕوونی بە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان ڕاگەیاندووە، ئەوان ناچنە ژێر هیچ فشارێكەوە و هۆشداری دا كە هیچ حزبێك مافی پەكخستنی كارەكانی پەرلەمانی نییە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا باسی لە كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی كرد و ئاشكرای كرد، سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاریان داوە كارەكانی پەرلەمان پەك بخرێت و فراكسیۆنەكەیان بەشداریی كۆبوونەوەكان نەكەن و سەرۆكی پەرلەمانیش كارەكانی كۆبوونەوەی پەرلەمان رابگرێت.

ئاماژەشی بەوە كرد: ”ئێمە بە روونی بە سەرۆك و فراكسیۆنی یەكێتیمان گوت كە وەكوو فراكسیۆنی پارتی ناچینە ژێر هیچ بڕیارێك، مافی هیچ حزبێك نییە كارەكانی پەرلەمان پەك بخات، پەرلەمان كارەكانی خۆی ئەنجام داوە، ماوەی پشووی پەرلەمانی كەم كردۆتەوە، لەم ماوەیە ڕێككەوتووین كە چەند تەوەرێكی گرنگ و بنەڕەتی هەیە و حكوومەت ئامادەیە لەسەر ئەو پرسانەی پەرلەمان داوای كردووە، وەزیرەكان بنێرێتە پەرلەمان“.

ئومێد خۆشناو ئەوەشی ئاشكرا كرد كە سبەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و هیوای خواست، لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت.

دووپاتیشی كردەوە: ”نابێ هیچ هۆكارێكی سیاسی ببێتە هۆی پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان، دەبێ هەردوو فراكسیۆن هاوكار بین تا زووتر سەركردایەتییەكانمان ڕێك بكەون و دانیشتن بكرێت،

ئێمە پابەندین بە ڕێككەوتنە سیاسییەكانی نێوانمان، لەگەڵ نەفەسی تەوافوقداین لە پەرلەمان“.