هەواڵى ناوخۆ

لەبارەی دەستێوەردان لە پرۆسەی پەروەردە هۆشداری بە لاهوور جەنگی دەدرێت

لەبارەی دەستێوەردانی لە پرۆسەی پەروەردە بە ناوی پڕۆژەی دروستكردنی قوتابخانە، هۆشداری بە لاهوور جەنگی دەدرێت و سەرۆكی ئەنستیتیوتێكی پەروەردەییش رای دەگەیەنێت كە نابێت هیچ قوتابخانەیەك بەبێ هەماهەنگیی وەزارەتی پەروەردە بكرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٠، میدیاكانی لاهوور جەنگی بانگەشەی ئەوەیان كرد كە گوایە پڕۆژەی دروستكردنی قوتابخانەیەكی لە شاری هەولێر كردۆتەوە.

لەمبارەیەوە گولیزار رەشید، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگه‌یاند، هۆشداری بە لاهوور جەنگی دا لە دەستێوەردان لە پرۆسەی پەروەردە و رای گەیاند، كاری حزب ئەوە نییە قوتابخانە یان نەخۆشخانە بكاتەوە.

روونیشی كردەوە، لە ڕووی ئیداری و یاساییەوە ئەمە دەستێوەردانە لە كاروباری حكوومەت و بە هیچ شێوەیەك قەبوڵ ناكرێت، لە كاتێكدا “هەر ئەوان دەیانگوت دەبێت حكوومەتێكی پرۆفیشناڵ هەبێت، خێرە ئێستا هاتوون دەستێوەردان لە كاروباری حكوومەتدا دەكەن؟”.

باسیشی لەوە كرد كە ئەگەر لاهوور جەنگی زۆری مەبەستە پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە بكات، دەبێت لە ڕێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامی بدات.