هەواڵ

كۆبوونەوەكەی پەڕلەمان چۆن دواخرا، بافڵ تاڵه‌بانی په‌یوه‌ندی رێواز فایەق ده‌كات، زانیاری تازە گەیشت

 

ڕه‌وش پۆست

ئێواره‌ی دوێنێ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و لاھوور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکانی یەکێتی کۆدەبنەوە و، بافڵ تاڵەبانی به‌ ئۆنڵاین به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كات،  بڕیاردەدەن رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی نەچنە باڵەخانەی پەرلەمان و بەشداریی دانیشتنەکە نەکەن، بەڵام کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی بە رێواز فایەقەوە دەکات، داوای لێدەکات بە فەرمی داوا لە ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بکات دەرفەتێک بدەنە یەکێتی و بۆ ماوەی 24 کاژێر کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دوابخرێت.

رێواز فایەق پەیوەندی بە ھێمن ھەورامییەوە دەکات و ھەورامیش لەگەڵ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتی قسە دەکات و وەڵامەکە ئەوە دەبێ، بە مەرجێک کۆبوونەوەکە دوادەخەن کە بە ھەمان بەرنامەی کار و لە کاژێر 11:00 ی رۆژی دووشەممە دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێ، جگە لەوەش رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان جارێکی دیکە بانگھێشتی پەرلەمانتاران بکاتەوە، سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتیش بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن.

یەکێتییش بەوە رازی دەبێ، بافل تاڵەبانی ھەوڵدەدا لە ماوەی چەند کاژێری داھاتوودا شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بێنێتە ھەولێر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، ئێستا پارتی چاوەڕێی بەڵێنەکانی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانییە بۆ ئەوەی ھەمووان پێکەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمان بکەن، خۆ ئەگەر بافڵ تاڵەبانی نەیتوانی ئەوە بکات، بڕیاری پارتی ئەوەیەکۆبوونەوەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێ، چ یەکێتی بەشدار بێ یاخود بەشداری نەکات.