هەواڵ

یه‌په‌له‌ .. ڕێواز فایەق: دەستوپێم پێوەند بووە و نەمتوانیوە كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە ببەم

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند كە هۆكاری كۆنەبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەوە بووە كە ”دەستوپێم پێوەند بووە و نەمتوانیوە كۆبوونەوە بەڕێوە ببەم“.

لە چوارچێوەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٠، ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەرامبەر ئەو ڕەخنانەی بەهۆی كۆنەبوونەوەی پەرلەمانەوە ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران، رای گەیاند: ”جگە لە دۆخی كۆرۆنا كە پەرلەمانی زۆربەی وڵاتان لەم ماوەیەدا كەمتر كۆبوونەتەوە، قەیرانێكی سیاسیی دروستكراومان لەنێو پەرلەمان هەبووە، من گیرۆدەی ئەو قەیرانە بووم، دووبارەكردنەوەی ئەمەی بۆچی پێنج مانگە دانیشتن نەكراوە، بەڵێ پێنج مانگە نەكراوە چونكە من دەستوپێم پێوەند بووە و نەمتوانیوە كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە ببەم“.

هیواشی خواست كە واز لە موزایەدەكردن بەسەر سەرۆكی پەرلەمان بهێنن و ”ئەگەر هۆكارێك بۆ ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان هەبووبێت لە پێنج مانگی رابردوو، خەتای سەرۆكی پەرلەمان بووە و دۆخێكی سیاسیی ناجۆر وایكردووە سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوە نەكات، كۆنەبوونەوەی پەرلەمان خەتای سەرۆكی پەرلەمان بووە و من بەرپرسیارم و داوای لێبووردن لە خەڵكی كوردستان دەكەم“.