عیراقى و جیهانى

موسلیم: خه‌بات بۆ یه‌كپارچه‌یی سوریا ده‌كه‌ین

 

 

 

هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ی" ئه‌لقودس ئه‌لعه‌ره‌بی" ده‌ڵێت: بارودۆخ ئێمه‌ی خستۆته‌ نێو یه‌ك به‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكی و ڕووسه‌كاندا".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له‌ڕاستیدا ئه‌مریكا و ڕووسیا و سوریا و هێزی تریش، هه‌موومان له‌یه‌ك به‌ره‌داین له‌دژی ئه‌و تیرۆره‌ی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌هه‌مووان ده‌كات".

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌ڵێت: وه‌ك په‌یه‌ده‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا نیه‌، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان كێشه‌و سه‌ریه‌شه‌ بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوا دروست ده‌كات، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كان ئاڵۆز ده‌كات".

له‌باره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ ده‌ڵێت:ئێمه‌ پێمان وایه‌ هه‌بوونی دوو هێزی سه‌ربازی شتێكی باش نیه‌. چونكه‌ له‌داهاتوودا ده‌بێته‌ هۆی شه‌ڕی ناوخۆیی".

له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی كانتۆنه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوا له‌ ڕووسیادا، موسلیم ده‌ڵێت: ئێمه‌ به‌شێكین له‌سوریا، سوریا وه‌ك ده‌وڵه‌ت دانی پێدا نراوه‌. ئێمه‌ دان پێدانانی جیاوازمان ناوێت و جیابوونه‌وه‌مان ناوێت. ته‌نها ده‌مانه‌وێت وه‌ك هاووڵاتیی سوری دانمان پێدا بنرێت. هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ هاوكاری هه‌موو دامه‌زراوه‌كان بكه‌ین". له‌باره‌ی ئاینده‌ی سوریاشه‌وه‌ ده‌ڵێت: سوریا وه‌ك سوریا ده‌مێنێته‌وه‌. ئێمه‌ خه‌بات بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین".