عیراقى و جیهانى

به‌غدا موچه‌و چه‌كی قورس ده‌داته‌ په‌كه‌كه‌

 

 

 

فەرماندەی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال رایگەیاند، لە دوای دابینكردنی مووچەی مانگانە و پێداویستیی لۆجستیكی بۆ شەڕڤانەكانیان لەلایەن بەغداوە، داوای چەكی قورسیشیان لە حكومەتی عێراق كردووە و ئەوانیش رازی بوون، بەڵام دەڵێت حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگرە لەوەی چەكی قورسیان بەدەست بگات.

سەعید حەسەن، فەرماندەی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال كە هێزێكی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانە ده‌ڵێت: لە مانگی تەمموزی رابردووەوە هێزەكەیان بە فەرمی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ناسێنراوە و ئێستا ئەوان هێزێكی عێراقین لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی.

حكومەتی عێراق بۆ هەر شەڕڤانێكی ئەو هێزە كە ژمارەیان 500 كەسە، مانگانەیەكی 875 هەزار دیناریی بڕیوەتەوە، كۆی ئەو پارەیەش دەكاتە 437 ملیۆن و 500 هەزار دینار، بەڵام یەبەشە تەنیا 500 هەزار دینار دەداتە هەر شەڕڤانێك.

سەعید حەسەن گوتی "راستە ئێمە مانگانە مووچەی 500 شەڕڤان لە حكومەتی عێراق وەردەگرین كە هەر شەڕڤانێك مووچەی مانگانەی 875 هەزار دینارە لەگەڵ هەندێك هاوكاریی لۆجستیكی، بەڵام ئێمە ئەو مووچەیە نادەینە 500 شەڕڤان، چونكە ئێمە 1200 شەڕڤانمان هەیە. 500 هەزار دینار دەدەینە هەر شەڕڤانێك، ئەوەی دەمێنێتەوە پێداویستیی دیكەی شەڕڤانانی پێ دابین دەكەین". گوتیشی "هەموو مانگێك مووچە لە كاتی خۆیدا وەردەگرین".