عیراقى و جیهانى

گۆڕان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی بارزانی ره‌تكرده‌وه‌

 

 

 

بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی وەڵامی پەیامەكەی بارزانی دایەوە و رایگەیاند "ئەو بژاردانەی بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم باسکراون تازە نین‌ و لە رابردودا تاقیکراونەتەوە و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە".به‌مه‌ش ته‌واوی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی بارزانی ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌بۆنه‌ی هاتنی سه‌ری ساڵی نوێی زایینیه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی هێز و حزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كردبو به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.


دەقی پەیامەكەی له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان:

ئێمە لە کاتێکدا پێشوازی لە هەمو دەسپێشخەری‌ و هەوڵێک دەکەین بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی چەقبەستوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان‌ و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و قەیرانانەی بەرۆکی هەرێمەکەما ن‌و هاوڵاتیانی گرتوە، بەڵام بە باشمان زانی چەند راستییەک سەبارەت بە پەیامەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هاوڵاتیانی کوردستان بخەینەڕو:

1.ئەو بژاردانەی بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم باسکراون تازە نین‌ و لە رابردودا تاقیکراونەتەوە و هیچ ئەنجامێکیان نەبوە.


2.لەو پەیامەدا رۆڵی پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوە و دەسەڵاتی یاسادانان‌ و بەدواداچون بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە و چارەسەرکردنی کێشەکان باسنەکراوە.

.3لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتوە کە پەرلەمان‌ و حکومەت لەسەر بنەمایەکی تازە دەستبەکار ببنەوە، بەڵام رون نیە کە ئەو بنەمایە چیە و بە چ پێوەرێک ئەم بنەما تازەیە دادەنرێت.

.4ئێمە پێمانوایە کێشەی سەرەکی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمە، کە تا ئێستاش بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و کراوە بە سەرچاوەی کێشە بۆ دامەزراوەیەکی شەرعی وەک پەرلەمان کە هەڵبژێردراوی خەڵکە. رێگای دروست بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کاراکردنەوەی پەرلەمانە لە چوارچێوەی رێزگرتن لە پرنسیپە یاسایی‌ و دیموکراسییەکان‌ و ئەو رێککەوتنە سیاسییانەی لە نێوان لایەنەکاندا کراوە بۆ ئەوەی بە ئەرکی یاسایی خۆی هەڵسێت، لە سۆنگەی چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی بۆ حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان.

بەدەر لەوانە فەرزکردنی ئیرادەی لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بەسەر دامەزراوە شەرعییەکانی خەڵک‌ و پارتە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت، لەلایەن گۆڕانەوە رەتدەکرێتەوە.

 

د. شۆڕش حاجی‌

وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان