عیراقى و جیهانى

پارتی نوری مالیكی دادگایی ده‌كات

 

 

 

پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەی هەڵدانەوەی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی لە عێراق دەکات و ئاماژە بە دزینی پارەی عێراق دەکات.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دۆسیەیەکی مەترسیداری عێراق هەڵدەداتەوە و پێیوایە، دەبێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق بکرێت، بەتایبەتیش “نوری مالیکی”، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق.

بەپێی زانیارییەکان ، ئەگەری ئەوە هەیە کە نوری مالیکی لەسەر ئەو دۆسیەیە دادگای بکرێت و سەرجەم کونسوڵخانەکانی وڵاتانیش لە عێراق لەو بابەتە ئاگادار بکرێنەوە. هەوڵەکە لە کاتێک دایە کە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، تۆمەتی جیاواز بۆ “هۆشیار زێباری”، وەزیری دارایی عێراق هەڵدەبەستێت، بەوەی دەیەوێت ئاژاوە لە عێراق دروست بکات، گوایە گوتوویەتی عێراق پارەی نەماوە.

هاوکات  کە دەوڵەتی یاسا دەیەوێت، هۆشیار زێباری لەسەر ئەو لێدوانانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشت بکات. لەمبارەیەوە د. “تاریق گەردی”، جێگری سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هۆشیار زێباری”، پێشبینی کردووە، ئەگەر نرخی نەوتی عێراق بە بەردەوام لە دابەزین دابێت، بودجەی عێراق وێران ببێت، چونکە لە 80%ی بودجەی عێراق، پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە. گوتیشی: ”زێباری خراپی نەگوتووە، چونکە ئەگەر نرخی ئەو نەوتە لە دابەزین بێت ناتوانین بودجەی بۆ عێراق دابین بکەین، بەتایبەتی لە ٪٥٠ی موازەنەی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران دەڕوات، ئێستاش کەمتر لە دووملیار دۆلار لەناو بانقەکانی حکوومەتی عێراق ماوە کەوایە قسەکەی راستە عێراق لە قەیران دایە”. گوتیشی: “ئاگاداری هەموو لایەک دەکەینەوە، ئەو کەسانەی کە دەڵێن عێراقی پارەی هەیە، ئەگەر چاویان لە یەدەگی دراوی عێراقی لە بانکەکانی جیهانە، چ بە پارە و چ بە زێڕ، ئەوە زۆر هەڵەن، چونکە ئەگەر بێت و دەستکاری ئەو پارەیە بکرێت، ئەوە بەهای نرخی دیناری عێراقی دادەبەزێت و کارەسات ڕوودەدات”.

تاریق گەردی ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەشێک لە دەوڵەتی یاسا هەر شتێک لە دژی کورد بێت، ئەنجامی دەدەن، لەوە دەچێت حەز بکەن نوێنەران بۆ بەغدا نەگەڕێنەوە و وەزیرەکانی کورد بەشدار نەبن و حکوومەت هەڵوەشێتەوە، تەنیا عەبادی سەرنەکەوێت. دووپاتیشی کردەوە: “وەک فراکسیۆنی پارتی، ئەوەمان پێ گوتراوە کە لە سەردەمی نوری مالیکی، عێراق 67 ملیار دۆلار، یەدەگی نەختینەیی هەبووە، بەڵام دواتر 7 ملیار دۆلار دیار نەماوە< بۆیە ئەگەر بڕیارە لێپرسینەوە بکرێت، با لێپرسینەوە لەو 7 ملیار دۆلارە بکەن، بۆیە ئێمە بەرامبەر یەک دیناری عێراق بێ دەنگ نابین”. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، 300 ملیار دۆلار دیار نەماوە کە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت.