عیراقى و جیهانى

عه‌بادی له‌جیاتی پێشمه‌رگه‌ موچه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌دات

 

 

 

پەرلەمانتارێكی ئێزدی لەپەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت سەرۆك وەزیرانی عێراق مووچەی ئەمساڵی پێشمەرگە  هاوشێوەی ساڵی رابردوو رەوانە ناكات، بەڵكو لە جیاتی مووچەی پێشمەرگە، مووچە بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەدات.

ماجد شنگال پەرلەمانتاری ئێزدی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری پێدانی مووچە و چەكی بۆ حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال دەركردووە، لەكاتێكدا ئامادە نییە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە بدات.

ئاشكرای كرد، ئێستە عەبادی مووچە و چەكی بە هەزار و 200 چەكداری حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال داوە، كە ئەو چەكدارانەی حەشد سەر بە پەكەكەن و حەسەن سەعید بەرپرسی هێزەكەی حەشدی شەعبی دووپاتی كردبووەوە كە عەبادی بەڵێنی پڕچەككردن و مووچەی پێداون.

پەرلەمانتارەكەی عێراق دووپاتی كردەوە، پێشمەرگە هێزێكی دەستوورییە و بەشێك لە بەرگری عێراق پێك دێنێت، "لەو باوەڕەدانیم عەبادی مووچەی 2016ی هێزەكانی پێشمەرگە بنێرێت، بەڵام ئەوە جێگەی قبووڵ نییە، لەكاتێكدا پێشمەرگە بە خوێنی خۆی سنوورەكانی خۆی لە تیرۆریستان پاك كردووەتەوە".