عیراقى و جیهانى

عه‌ره‌ب و توركمان له‌دژی په‌یه‌ده‌ هێز دروست ده‌كه‌ن

 

 

 

عومەر دەدە جێگری سەرۆکی هۆزەکانی عەرەب و تورکمان رایگەیاند هۆزەکانی تورکمان و عەرەب لە سووریا هاوپەیمانیەتییەکیان پێکهێناوە و هێزێکی چەکداری لە دژی پەیەدە دروست دەکەن.

هەروەها گوتی "هێزەکانی پەیەدە بە هەزاران خێزانی عەرەب و تورکمانیان لە ناوچەکە بە زۆر کۆچ پێکردووە لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانیەتیە، هەوڵ دەدەین ئەو خاکانە بگەڕێنینەوە کە موڵکی باب و باپیرانمانە و هەوڵ دەدەین پەیەدە لە ناوچەکە بە دوور بخەینەوە".

عومەر دەدە گوتیشی کە بە مەبەستی هێنانەدی ئامانجەکانیان تەواوی هەوڵەکانی خۆیان دەدەن. هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی باڵی پەکەکە لە سووریا، هێزێکی چەکداریيان پێک هێناوە کە لە هاووڵاتی عەرەب و تورکمان پێک دێن. ئەو خاکانەش داگیر دەکەنەوە کە پەیەدە رزگاری کردوون.

دەدە گوتی "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کورد نییە. ئەگەر ئەوان لەو ناوچانەی رزگاریان دەکەین خانوویان هەبێت با بێنەوە نێو خانووی خۆیان، بە دڵنیاییەوە ئێمە رووبەڕووی کوردەکان نابینەوە، بەڵام پەیەدە بەزۆر لە زێدی خۆمان دەرماندەکات و دەمانەوێت خاکی خۆمان رزگار بکەینەوە".

ئەو گوتیشی ئەو هێزە چەکداریەی پێکیان هێناوە نزیکەی ٢ هەزار چەکدار لەخۆ دەگرێ.