عیراقى و جیهانى

سه‌عدی پیره‌: ستراتیژیه‌تی پارتی و یه‌كێتی به‌رده‌وام ده‌بێ

 

 

 

ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نيشتيمانى كوردستان، سه‌عدى ئه‌حمه‌د پيره‌، رایگەیاند، ھیچ بە دیلێك بۆ رێكەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی نیيە و دەبێت بەردەوام بێت.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتى: "كێشەكانی هه‌رێم بە تایبەتی لە نێوان پارتی و یەكێتی پەیوەندی بە ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكەوە نیە، ئەو رێككەوتننامەیە رێكوتۆكمەیە، ئێمە و ھەموو خەڵكی كوردستان سوودی باشمان لێوەرگرتووە، كێشە لە ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكەدا نیە كێشە لە جێبەجێكردنیدایە، ئەگەر بمانەوێت ئەو رێككەوتننامەیە باشتر بكەین دەبێ باش جێبەجێی بكەین".

سەعدی پیرە، گوتیشی: "ھیچ بە دیلمان نیە دەبێت رێككەوتننامەی ستراتیژی بەردەوام بێت، ھەموو جار ھەندێك برادەر ئیجازە بە خۆیان دەدەن دەڵێن رێككەوتننامەكە تەواو بووە، بەڵام كە دەگاتە تەنگەژەیەك دەڵێن ئەی رێككەوتننامەی ستراتیژیمان نیە، پێم وایە ئەوانەی دژی رێككەوتننامەی ستراتیژین كۆڵبدەن باشترە".