عیراقى و جیهانى

حه‌شدی شه‌عبی قایمقامی دوزخورماتوو ده‌گۆڕێت

 

 

 

حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ شیعه‌، داوای‌ لابردنی‌ قایمقامی‌ خورماتوو ده‌كات و ده‌یكاته‌ مه‌رجی‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد، ئه‌وه‌ش به‌پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كانی قه‌زاكه‌یه‌.

شه‌لال عه‌بدول، له‌سه‌ر پشكی‌ یه‌كێتی‌ له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێن له‌ساڵی‌ 2003وه‌ پۆستی‌ قایمقامی‌ خورماتوی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، تۆمه‌تباركردنیش له‌لایه‌ن حه‌شده‌وه‌ به‌و روداوانه‌یه‌ كه‌ له‌مانگی‌ 11ی‌ ساڵی‌ رابردوه‌وه‌ ره‌وشی‌ قه‌زاكه‌ی‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی‌ بردووه‌، به‌هۆی‌ گرژی‌‌و پێكدادانی‌ نێوان حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌.

عه‌لی حسێنی، وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی له‌خورماتوو ده‌ڵێت: هیچ لاریمان نیه‌ له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی خورماتوو، كردنه‌وه‌ی داموده‌زگا حكومیه‌كان به‌ڕوی هاوڵاتیان ‌و ڕێككه‌وتنی كۆتایی له‌گه‌ڵ لایه‌نی كوردی، به‌مه‌رجێك قایمقامی خورماتوو كه‌ كورده‌ له‌پۆسته‌ی لاببرێت‌و كه‌سێكی توركمان له‌جێگه‌كه‌ی دابنرێت.

به‌رپرسه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌خورماتوو پێیوایه‌ قایمقامی خورماتوو هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كانی خورماتووه‌و كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو نیه‌ له‌كاره‌كانی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نی كوردی بیانه‌وێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵیان باشبین‌ و رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، ده‌بێت قایمقام له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی لاببه‌ن.