عیراقى و جیهانى

داواكاری گشتی سلێمانی لایه‌نگری گۆڕان ده‌كا

 

 

 

ئەندامانی داواكاری گشتی سلێمانی بەیاننامەیەكیان لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە‌و لەبەشێكی بەیاننامەكەدا هاتوە "پەرلەمانی‌ كوردستان دەسكەوتێكی‌ مێژوییەو بەرزترین دەسەڵاتی‌ یاسادانان‌و چاودێرییە، پێویستە بەزوترین كات بەگەڕبخرێتەوەو دەسەڵاتی‌ فعلی‌ بۆ بگەڕێتەوەو لایەنە سیاسییەكان هەنگاوی‌ جدی‌ بنێن بۆی‌ بەبێ‌ هێنانەوەی‌ هیچ پاساوێك". 

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی ئه‌و به‌یاننامه‌ی داواكاری گشتی سلێمانی، پسپۆڕێكی یاسایی رایده‌گه‌یه‌نێت: ده‌ستێكی سیاسی یاخود روونتر بڵێم هێزێكی سیاسی له‌شاری سلێمانی له‌پشت ده‌ركردنی ئه‌و به‌یاننامه‌وه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێ وه‌ك كارتی فشار به‌كاری بهێنن. ئه‌و شاره‌زایه‌ ده‌ڵێت: به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی داواكاری گشتی سلێمانی پێكدێنن به‌و كاره‌ هه‌ڵساون و مه‌رامی سیاسی له‌پشته‌وه‌یه‌و ده‌یانه‌وێ دووباره‌ ئاسه‌واری دوو ئیداره‌یی له‌ڕووی سیاسی و یاسایی و هه‌روه‌ها دادوه‌رییشه‌وه‌ دروست بكه‌نه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌و به‌یاننامه‌یه‌ش، ئه‌و پسپۆڕه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكه‌ین، رایگه‌یاند: هه‌ر جۆره‌ جموجۆڵێكی له‌و جۆره‌ نابێته‌ هۆی به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستاندا، چونكه‌ وه‌ك ئاشكرایه‌ زۆربه‌ی كێشه‌كان سیاسین و ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن، نه‌وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومی بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراوی سیاسی و لایه‌نگری حزبێك به‌كاری بهێنێت.