عیراقى و جیهانى

به‌غدا خوازیاری رێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر

 

 

 

عادل عه‌بدولمه‌هدی‌، وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌غدا پابه‌ند نه‌بوبێت به‌رێككه‌وتنی‌ نه‌وتی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم، ده‌ڵێت چاوه‌ڕێی‌ هاتنی‌ وه‌فدی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆ چالاككردنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌.

له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ عاله‌می‌ عێراقی‌، عه‌بدولمه‌هدی‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ ئابوریه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدا كردوه‌.

وه‌زیری‌ نه‌وت رونیكردۆته‌وه‌، رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم‌و به‌غدا له‌چوارچێوه‌ی‌ بودجه‌ی‌ 2015دا بوه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ 2016 ده‌ڕۆن، وتویه‌تی‌ “به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بوایه‌ هه‌رێم مانگانه‌ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی‌ به‌غدا بكات، له‌به‌رامبه‌ر چالاككردنی‌ پشكی‌ له‌سه‌دا 17ی‌ به‌شه‌بودجه‌كه‌ی‌”.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌، له‌مانگه‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ 2015دا هه‌رێم بڕه‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ راده‌ست كردوه‌، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵه‌كه‌دا راده‌ستكردنه‌كه‌ی‌ راگرتووه‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ جه‌ختیكردۆته‌وه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا نه‌بوه‌، ده‌ڵێت “له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیوایان له‌ده‌ستنه‌داوه‌‌و چاوه‌ڕێی‌ هاتنی‌ وه‌فدی‌ باڵای‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌”.