عیراقى و جیهانى

هه‌رێم ئاو له‌ به‌غدا ده‌بڕێت

 

 

 

ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، پێویستە بۆ ناچاركردنی بەغدا تا داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكات، هەرێم پاڵەپەستۆ بخاتە سەری بە ڕێگەی گرتنەوەی ئاوی بەنداوەكانی (دەربەندیخان) و (دوكان) لە مانگی (٤) بەولاوە و، لێدانی خەندەق بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەكان بۆ ئەوەی ئاو نەگاتە ناوەڕاست و باشوور.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عەباس غەزالی میرخان ده‌ڵێت: "لە ماوەی دوو ساڵی رابروودا، دوو هێرشی ناڕەوا كرایە سەر كوردستان، یەكەم شەمشەكوێرانی داعش بە ناوی دین و درێژەپێدەرانی ڕێگای ئەنفال و جینۆسایدی كورد دەستیان پێ كرد، بەڵام بە هۆی گیانفیدایی پێشمەرگەوە و سەركردایەتیی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی)، نەك كورد لەناو نەچوو، بەڵكو بووە جێگای رێز و حورمەتی هەموو جیهان و پێشمەرگەیش بووە زاراوەیەكی پیرۆزی جیهانی. دووەم بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێم و پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە، كە ئەم جەنگەی كوردستانیش تووشی قەیرانێكی تری كردووینەتەوە و بەغدا دەستی بەسەر بوودجە و مووچەی هەرێمدا گرتووە".

بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، (غەزالی) گوتی: "بۆ ناچاركردنی بەغدا، پێویستە هەرێمی كوردستانیش گوشار بخاتە سەری بە ڕێگەی گرتنەوەی ئاویی بەنداوەكانی (دەربەندیخان) و (دووكان) لە مانگی (٤) بەولاوە و لێدانی خەندەق بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەكان بۆ ئەوەی ئاو نەگاتە ناوەڕاست و باشوور، تا ئەوكاتەی بەغدا داوا لە هەرێم دەكات بەپێی دەستوور بوودجە و مووچەمان بۆ دابین دەكات، ئینجا ئاویان بۆ بەر بدەینەوە، چونكە لە ڕووی تێگەییشتن و پێكەوەژیان و كاركردن بە دەستوور و برایەتی و پێڕۆكردنی دیموكراسییەوە، بەغدا بە زمانی زبر نەبێ تێناگات، لە رووی ناچارییەوە ئێمەیش ئەوە دەكەین و تا بەغدا پارەی گەنمی (٢٠١٤) و (٢٠١٥ ) و بوودجە و مووچەی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانمان بۆ ڕەوانە نه‌كات، ئێمەیش ئاویان پێ نادەین".