عیراقى و جیهانى

ئه‌مه‌ریكا هێزی‌ كۆماندۆ ره‌وانه‌ی‌ كوردستان‌ ده‌كات

 

 

 

رۆژنامه‌یه‌كی‌ ئه‌مەریكی‌ ئاشكرای‌ ده‌كات: واشنتۆن له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ هێزی‌ كۆماندۆ ره‌وانه‌ی‌ كوردستان‌ و عێراق بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ ئێستادا ئۆباما لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی‌ زه‌مینی له‌ دژی‌ داعش ده‌دات.

به‌گوێره‌ی‌ راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمز، ئیداره‌ی‌ واشنتۆن گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ هێرشی‌ زه‌مینی‌ بۆ سه‌ر رێكخراوی‌ داعش، باشترین بژارده‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ ئه‌و رێكخراوه‌.

به‌رپرسانی‌ كۆشكی‌ سپی‌ وتویانه‌: ئه‌مەریكا سه‌رقاڵی‌ دانانی‌ پلانێكی‌ نوێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزی‌ تایبه‌تی‌ كۆماندۆز ره‌وانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و عێراق بكات، تاوەکو شانبه‌شانی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌‌ و سوپای‌ عێراق، شه‌ڕی‌ زه‌مینی‌ له‌ دژی‌ تیرۆریستانی‌ داعش ئه‌نجام بده‌ن، بۆ خێراكردنی‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان‌ و رزگاركردنی‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان.

رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكرا كردوه‌، له‌ ئێستادا باراك ئۆباما سه‌رۆكی‌ ئه‌مەریكا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پلانه‌كه‌ ده‌كات‌ و بڕیاره‌ به‌مزوانه‌ پرۆژه‌كه‌ گه‌ڵاڵه‌ بكرێت‌ و بخرێته‌ به‌رده‌می‌ كۆنگرێس، به‌ئامانجی‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر دان‌ و ره‌وانه‌كردنی‌ هێزه‌كه‌ بۆ كوردستان‌ و عێراق.

فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ئه‌مەریكا وتویانه‌: به‌شداریكردنی‌ هێزی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌مەریكا له‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌ داعش، كاریگه‌ریی‌ زۆری‌ ده‌بێت بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕه‌كان.