عیراقى و جیهانى

پێشمه‌رگه‌ ده‌چێته‌وه‌ رۆژئاوای كوردستان

 

 

 

لەسەر داوای ئەمریكا، پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) بەمەرج رەزامەندی نیشان داوە پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان كە ئێستە لە هەرێمی كوردستانن بگەڕێنەوە رۆژئاوا، سەركردەیەكی كوردی رۆژئاواش هێما بۆ ئەوە دەكات، بە گەڕانەوەی ئەو پێشمەرگانە دۆخی تەناهی لە رۆژئاوا بەرەو باشی هەنگاو دەنێت.

نوری بریمۆ سەركردە لە پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا رایگەیانده‌ی، بە پێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەیشتووە، لە كۆبوونەوەكانی نێوان برێت ماكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی ناودەوڵەتی، بە فەرمی داوا لە "پەیەدە" كراوە رێگە بە گەڕانەوەی پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان بدات.

هەروەها گوتی، هێشتا بە فەرمی لەلایەن ئەمریكاوە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ئاگەدار نەكراوینەتەوە، بەڵام زانیاریمان پێدراوە كە "پەیەدە" بە مەرج رازی بووە پێشمەرگەكانی رۆژئاوا بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی لەوێدا هاوشانی هێزە تەناهییەكانی تر لە رۆژئاوای كوردستان ئەرك بگرن.

"به‌پێی زانیاریه‌كان مەرجی "پەیەدە" بریتی بووە لەوەی ئەو هێزەی پێشمەرگە كە لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە هاوئاهەنگیان لەگەڵ هێزە تەناهییەكانی سەر بە پەیەدە هەبێت، بە تەنیا هیچ ئۆپەراسۆنێك ئەنجام نەدەن، بەڵكو لە ناو هێزێكی هاوبەشدا بن وەك ئەوەی لە رێككەوتنی هەولێر و دهۆكی نێوان هێزە سیاسیەكانی رۆژئاوا بڕیاری لەسەر دراوە.