عیراقى و جیهانى

په‌كه‌كه‌و حه‌شد عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵكی دوزخورماتوو ده‌گۆڕن

 

 

 

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەزای دووزخورماتوو و گوندەکانی دەوروبەری سەرقاڵی کردنەوەی خولی پەروەردەی فکری و چەکدارییە، بۆ گەنجانی سنوورەکە، لە ھەردوو رەگەزی کچ و کوڕ.

لە گەڕەکی بناری خورماتوو لە خانوویەکی ٢٥٠ مەتریدا کە سێ ژووری تێدایە، بەشێک لە کادیرانی نێردەی (پەکەکە) خولەکانی پەروەردەی فکری و چەکداری بە کچان و کوڕانی قەزاکە دەڵێنەوە و لە گوندی وارانی لە ناوچەی داودەی سەر بە ھەمان قەزاش، خولێکی دیکەی ھاوچەشنیان کردووەتەوە بۆ کچان و کوڕانی گوندەکانی ناوچەی داودە کە پێک دێت لە پەنچا گوند.

بەپێی زانیارییەکان ئەو بارەگایەی پەکەکە لە خورماتوو، بارەگایەکی فەرمی نییە و تابلۆی بارەگای لەسەر نییە، تەنیا بۆ کاروباری خۆیان بەکاری دەھێنن و تاوەکو ئێستا دەیان کچ و کوڕ بەشدارییان لەو خولانەدا کردووە.

ئێستا کادیرانی (پەکەکە) لە کوردستانی باشوور لەژێر ناوی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیی کوردستان، کارەکانی خۆیان دەکەن.

بەپێی زانیاریەکان لە ناحیەی ئامرلیی سەر بە قەزای خورماتوو، چەکدارانی حەشدی شەعبییش خولێکیان کردووەتەوە بۆ ماوەی مانگێک بۆ کچان و ژنانی شیعەی خورماتوو و ئامرلی کە پزیشک و ئەندازیار و مامۆستاشی تێدایە و لەو خولەدا فێری چۆنیەتیی بەکارھێنانی چەک دەکرێن و رادەھێنرین لەسەر بەکارھێنانی چەکی سووک و نیوچە قورس.