عیراقى و جیهانى

كورد داوای پۆستێكی گه‌وره‌ له‌ به‌غدا ده‌كات

 

 

 

شاخه‌وان عه‌بدولڵا بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌وان پێداگری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای عێراق پشك و مافی كورده‌.

شاخه‌وان عه‌بدولڵا گوتی: "له‌وه‌ته‌ی پێكهێنانی یه‌كه‌م حكوومه‌تی عێراق له‌ دوای 2003، رێككه‌وتن كراوه‌ ئه‌و پۆسته‌ پشكی كورد بێت، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ بێده‌نگه‌".

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ماڵپه‌ڕی كوردستان 24 راگه‌یاند: "پێشتر سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌و پێیه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقه‌ به‌ڵێنی به‌وان داوه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایی بكاته‌وه، كه‌چی تا ئێستا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ كورده‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌ی له‌ شوێنی بابه‌كر زێباری به‌ وه‌كاله‌ت دانراوه‌، وا ره‌فتار ده‌كات پۆسته‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی به‌و دراوه، نه‌وه‌ك به‌ وه‌كاله‌ت كاروباره‌كان به‌ڕێوه‌ ببات، چونكه‌ كه‌سانێكی دامه‌زراندووه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودانییه‌ ئه‌و كاره‌ بكات به‌و پێیه‌ی پۆسته‌كه‌ی به‌ وه‌كاله‌ت وه‌رگرتووه‌‌".  

ئاشكراشیكرد: "ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ كورد یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌وان وه‌ك ئه‌ندامانی كورد سه‌ردانی باڵوێزخانه‌كانی وڵاتانی بیانی ده‌كه‌ن له‌ به‌غدا و پێیان راده‌گه‌یه‌نن، سوپای عێراق نوێنه‌رایه‌تی كورد ناكات، بۆیه‌ یارمه‌تییه‌ سه‌ربازییه‌كانتان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی داعش راسته‌وخۆ بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرن".