عیراقى و جیهانى

پێشمه‌رگه‌ له‌ خورماتو جێگیركرا

 

 

 

هێزێكى تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌كى قورس و كه‌لوپه‌لى ته‌واوى سه‌ربازییه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستى ڕاگرتنى ئارامى و سه‌قامگیری قه‌زاكه‌، ڕه‌وانه‌ى قه‌زاى دوزخورماتوو ده‌كرێن.

محه‌مه‌د فایه‌ق، به‌رپرسی راگه‌یاندنى قه‌زاى دوزخورماتوو، ڕاىگه‌یاند كه‌ سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ (2016/3/24) هێزێكى تایبه‌تى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كه‌ ناسراون به‌ "هێزه‌ ره‌شه‌كه‌"، گه‌یشتنه‌ نێو سه‌نته‌رى شارۆچكه‌ى دوزخورماتوو.

ئاشكراشی كردووه‌ كه‌ هێزه‌كه‌ له‌سه‌ر بڕیارى سه‌ركردایه‌تى كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنى هاووڵاتیانى شارۆچكه‌كه‌ به‌ تێكڕا، نێردراون.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ ئه‌و هێزه‌ به‌ كه‌لوپه‌لى سه‌ربازى و چه‌كى قورسه‌وه‌ هاتوون و دابه‌شكراون به‌سه‌ر چه‌ند شوێن و گه‌ڕه‌كێكى شارۆچكه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ر ئه‌گه‌رێكى نه‌خوازراو یاخود هه‌ر ده‌ستێك بۆ تێكدانى ئارامى و سه‌قامگیری كه‌ بڕیاریان هه‌یه‌ به‌ بێ جیاوازى وه‌ڵامى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ به‌ توندى بدرێته‌وه‌.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ى: "ئه‌و هێزه‌، بۆ مه‌به‌ستى سه‌قامگیرى هاتوون، چونكه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ جیاوازى ناكات له‌ نێوان پێكاته‌كانى قه‌زاكه‌، پێشمه‌رگه‌ هێزێكى رێكخراوه‌ و رێكخراوه‌كانى جیهانیش چاویان له‌ده‌ست و بازووى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌یه‌".