عیراقى و جیهانى

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان تاوتوێی دابه‌شكردنی عێراق ده‌كات

 

 

 

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی، نهێنییەکی سەبارەت بە قسەکانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد کە باسی لەوە کردووە، سنوورەکانی عێراق دەستکردن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی کە ڕۆژی پێنجشەممە 28\4\2016 بڵاو کراوەتەوە، ئەوە ئاشکرا کراوە، جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، دیدارێکی لەگەڵ دیپلۆماتکار و سەربازەکانی ئەمریکا لە بەغدا ئەنجام داوە و تێیدا گوتوویەتی: ”ئێوەمان بۆ هەر کوێیەک ڕەوانە کردبێت، بۆ ئەوەمان بووە کە پارێزگاری لە ئاشتەوایی و ئاسایشی ئەو شوێنە بکەن. ئەو شوێنانەی کە لە ڕابردوودا ئێمە سنوورێکی دەستکردمان بۆ دروست کردوون،خەڵکێکی جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و کلتووریمان بەیەکەوە لەو چوارچێوەیەدا داناوە“. ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە کە مەبەستی بایدن لەو وڵاتە، عێراقە و بە ئاماژەیەک بۆ بۆچوونەکانی پێشووتری جۆ بایدن، سەبارەت بە پرسی دابەشکردنی عێراق وەسفی کردووە.

پێشتر لە ساڵی 2006دا، جۆ بایدن باسی لە پرۆسەیەکی دابەشکردنی عێراق کردبوو، ئێستاش پرسیاری ئەوە هەیە کە ئایا عێراق دەتوانێت وەک ئێستا بمێنێتەوە یان دەوڵەتێکی کارا بێت؟ لەمبارەیەوە عەلی خدری، ڕاوێژکاری پێشووی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کە ڕۆژنامەکە دەڵێت، ڕاوێژکاری زۆربەی باڵیۆزەکانی ئەمریکا لە عێراق بووە، گوتوویەتی: ”پێموانییە عێراق لە قەوارەی ئێستادا بتوانێت سیاسەتێکی کارای هەبێت. ئێستا کۆنفیدرالی یان دابەشکردنی عێراق، لەوانەیە باشترین چارەسەر بێت بۆ ئەو کێشانە. ئەمە چارەسەرێکی ناتەواوە بۆ بارودۆخی عێراقی ناتەواو“.

خدری بە توانجەوە باسی سایکس بیکۆ دەکات و دەڵێت: ”لە کۆنەوە بە زۆر زەماوەندیان بەو ناوچانەی عێراق کردووە و ئێستاش دەبێت لەیەکتر جیاببنەوە“. ڕەخنەش لە سیاسەتی ئەمریکا دەگرێت کە هێشتا لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی عێراق سوورە و دەڵێت: ”پێدەچێت ئەمریکا چاوەڕێی موعجیزەیەک بێت تا لە عێراق ڕوو بدات“.

ڕاوێژکارەکەی پێشووی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئێستا بەرپرسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا، بە هێواشی تاوتوێی دابەشکردنی عێراق دەکەن و هەوڵ دەدەن بزانن، لە حاڵەتی دابەشکردنی عێراقدا، کاردانەوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن دەبێت؟