عیراقى و جیهانى

ئه‌شواق جاف: عه‌بادی و سه‌در ژێربه‌ژێر رێككه‌وتون

 

 

 

دوای گوتارێکی رێبەری رەوتی سەدر خۆپیشاندەران بەربەست و دەرگاکانی ناوچەی سەوزیان بڕی و هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمانی عێراق و دەستیان بەسەردا گرت، پەرلەمانتارێکی عێراقیش ئاماژە بەوەدەکات، لە نێوان موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادیدا رێککەوتنی پێشوەختە هەبووە و پێشیوایە هەوڵەکانی سەدر و هەژاندنی شەقام  بۆ چاکسازی نییە.

ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە ماوەی هەواڵیی نووڕۆژی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو لەبارەی کەوتنی پەرلەمانی عێراق و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رایگەیاند "لەماوەی رابردوودا لە نێوان موقتەدا سەدر و عەبادیدا رێککەوتنی ژێر بە ژێر هەبووە، بۆ ئەوەی عەبادی پشتیوانی هەبێت، چونکە ئێستا عەبادی لەناو شیعەدا پشتییوانی لێناکریت و بەهۆی ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا پشتگیری دەکەن، ئێرانیش پشتیوانی عەبادی ناکات".

پەرلەمانتارەکە هەروەها گوتیی "ئێستا موقتەدا سەدر شەقامی هەژاندووە و خەڵکی هێناوەتە سەرشەقام، ئەوەش هیچ پەیوەندی نییە بە چاکسازی یان دامەزراندنی حکومەتی تەکنۆکرات، بەڵکو بۆ ئەوەیە پشکی رەوتی سەدر لە کابینەی نوێدا زیاد بکات و، لەماوەی رابردووشدا کە حەیدەر عەبادی، ناوی وەزیرە نوێیەکانی لەنامەیەکدا رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، شەش وەزارەتی بۆ رەوتی سەدر دانابوو".