عیراقى و جیهانى

پارتی له‌گه‌ڵ بایكۆتی یه‌كجاریی به‌غدایه‌

 

 

 

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، سیستمی سیاسی عێراق نقووم بووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و ئاڵۆزییه‌كان نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ عه‌قڵیه‌تی به‌غدا نه‌گۆڕاوه‌ جا چ سه‌دام حوكمی بكا یان مالیكی، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌كو كورد تا زووه‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆمان رابگه‌یه‌نین و پێویست به‌ ریفراندۆمیش ناكات.

عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، ده‌مێكه‌ هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان روونه‌ و له‌و كاته‌وه‌ی مالیكی له‌شكركێشی بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان كرد له‌و كاته‌وه‌ ئێمه‌ بێ ئومێدین له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق، ته‌واو روونیش بووه‌وه‌ كه‌ عه‌قلیه‌ت له‌ عێراق نه‌گۆڕدراوه‌، بۆیه‌ سه‌دام بچێ یان مالیكی، مادام عه‌قڵیه‌ته‌كه‌ نه‌گۆڕابێ، هه‌ر وه‌كخۆیه‌تی.

له‌باره‌ی دووباره‌ به‌شداربوونه‌وه‌ی كورد له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا له‌ كاتێكدا ئێسته‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌ لێواری رووخاندایه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشه‌" گوتی،  كوشنده‌ترین هه‌ڵه‌ كورد بیكات، ئه‌وه‌یه‌ جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا بكه‌وێته‌ سه‌ر پێ، باشترین شتیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌رچی زووه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆمان رابگه‌یه‌نین، به‌بێ ریفراندۆم و هیچ شتێكی تر، هه‌ر ئێسته‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردستان رابگه‌یه‌نرێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ بكرێت، كه‌ بڕیارمانداوه‌ له‌ عێراق جیا ببینه‌وه‌ و تێكه‌ڵی ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی به‌غدا نه‌بین، ئه‌گه‌ر به‌غدا ئارام بێته‌وه‌ و ئه‌وان حكوومه‌تێكی راگوێزه‌ر "ئینتیقالی" پێك بهێنن، یه‌كه‌م كاریان په‌لاماردانی ئێمه‌ ده‌بێت. نابێ ئێمه‌ش هه‌ر چاوه‌ڕێ بین و فرسه‌ته‌كان له‌ده‌ست بده‌ین.