عیراقى و جیهانى

سه‌نته‌ری میترۆ: میدیای سلێمانی خزمه‌تی پێشمه‌رگه‌ ناكات

 

 

 

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، داوای لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان کرد، بارودۆخی شەڕ لەبەرچاو بگرن و خۆیان لەو هەواڵانە بە دوور بگرن کە پەیوەندییان بە نهێنیی سەربازی و ڕووخاندنی ورەی پێشمەرگەوە هەیە.

دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە 3\5\2016، هەندێک لە میدیاکانی سلێمانی، بە مانشێتی جۆراوجۆر و بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە داعش بڵاوی دەکردنەوە، کارێکیان کرد کە بووە هۆی نیگەرانبوونی بەشێکی بەرچاو لە پێشمەرگە و فەرماندەکان و هاووڵاتییان. ئەمڕۆ ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: ”پێویستە ڕاگەیاندن موراعاتی دۆخەکە بکات، ئێمە لەگەڵ دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی لە جیهان مامەڵە دەکەین. هەندێک شت کە بەرژەوەندیی گشتییان تێدا نەبێت، هەق نییە میدیاکان بڵاوی بکەنەوە، بە تایبەتیش ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە بەرەکانی جەنگەوە هەیە“.

ڕەحمان غەریب ئەوەی ڕوون ردەوە کە هەموو هەواڵێکی بەرەکانی جەنگ، هەواڵ نییە و لە بەرژەوەندیی خەڵک نییە بڵاو بکرێتەوە. گوتیشی: ”مەبەست ئەوە نییە کە میدیاکان چاویان لەبەرامبەر بەرەکانی جەنگ دابخەن، بەڵام ئەو هەواڵانەی کە پەیوەندییان بە نهێنیی سەربازییەوە هەیە، پێمانوایە کە شتێکی خراپ دەکەن، میدیای کوردی، هەموو شتێک بڵاو دەکەنەوە“. جەختیشی لەوە کردەوە کە کاتێک سەرنج دەدەن، بە شێوەیەکی گشتی هەندێک هەواڵی ”زۆر زۆر ورە ڕووخێن“ هەن و پەلەکردن بە پێش کوالێتیی هەواڵەکە دەخرێت.

سەبارەت بەوەی کە تاچەند ئەم مانشێت و هەواڵانە خزمەت بە دوژمنانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕەحمان غەریب ده‌ڵێت: ”ئێمە نابێت وا تۆمەتباریان بکەین کە مەبەستیان ئەوەبووبێت خزمەت بە دوژمن بکەن، پێموانییە میدیایەک هەبێت لە هەرێمی کوردستان کە بیەوێت و ڕای گەیاندبێت خزمەتی داعش بکات، بەڵام ڕەنگە گەنجێک داندرابێت کە سەری لەم بابەتانە دەرنەچێت و یەکسەر هەواڵەکان دابنێن. ئەو جۆرە هەواڵانە پێویستە بەرپرسی میدیا و زیاتر لە کەسێک بیبینێت، ئینجا تێپەڕێت“.