عیراقى و جیهانى

دوو فه‌وجی پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌كی پێشكه‌وتوو پێكدێت

 

 

 

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، دوو فه‌وجی هێزی پیاده‌ی كه‌ركووكی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خولی مه‌شق و راهێنانی هاوپه‌یمانانیان ته‌واو كردوه‌ و به‌جۆره‌ها چه‌كی پێشكه‌وتووی ئه‌مریكی پڕچه‌ك كراون و كۆتایی به‌ خوله‌كه‌یان هات و ده‌چنه‌وه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركووك.

جه‌بار یاوه‌ری ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندوه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م فه‌وجی یه‌كی لیوای یه‌ك و فه‌وجی یه‌كی لیوای سه‌ر به‌ هێزی پیاده‌ی كه‌ركووكی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ كۆتایی به‌ خولی مه‌شق و راهێنانیان دێت و ده‌ڕۆنه‌ بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی خۆیان له‌ سنووری كه‌ركووك.

هه‌روه‌ها گوتی، دوای 15ی ئه‌م مانگه‌ دوو فه‌وجی تر ده‌ست به‌ مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه‌ مه‌شق و راهێنانیان پێ ده‌كرێت.

ئاماژه‌ی دا، ئه‌و دوو فه‌وجه‌ی ئه‌مڕۆ مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن، به‌ جۆره‌ها چه‌كی ئه‌مریكی پێشكه‌وتوو پڕچه‌ك كراون و سه‌رجه‌م وڵاتانی هاوپه‌یمانانیش كه‌ راهێنه‌ریان بۆ كوردستان ناردووه‌ به‌شدارن له‌ مه‌شق پێ كردنی ئه‌و هێزانه‌.