عیراقى و جیهانى

یه‌كگرتوو وه‌ڵامی توندی یه‌كێتی و گۆڕان ده‌داته‌وه‌

 

 

 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەبێ ڕێککەوتنی لایەنەکان، پەرلەمان کاراناکرێتەوە. دەشڵێت: یەکگرتوو هیچ قسەیەکی پێشوەختەی لەسەر پرسی ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی نییە.

د.محەمەد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاندووە: یەکگرتوو هیچ قسەیەکی پێشوەختەی لەسەر ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی نییە، تا بڕیاری دابێت، یان نەیدابێت، لەسەر چوونە ناو هاوپەیمانییەکەوە کە ئەوان بۆ هەڵبژاردنەکان دروستی بکەن.

سەبارەت بەو دەنگۆیەی کە گۆڕان و یەکێتی پڕۆژەیەکی هاوبەشیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە، محەمەد ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە: بەبێ تەوافوقی نیشتمانی، پرسی پەرلەمان یەکلا نابێتەوە، بۆیە داوادەکەین حزبەکان پێکەوە دووبارە بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان یەکلا بکەنەوە.