عیراقى و جیهانى

هێرۆو نه‌وشیروان له‌دژی پارتیی رێكه‌وتون

 

 

 

ره‌شنووسی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان یه‌كێتی و گۆڕان نووسراوه‌ته‌وه‌ و هێشتا واژووی كۆتایی نه‌كراوه‌، به‌هه‌مان ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ واژوو ده‌كرێت و هیچ لایه‌نێكیان بۆیان نییه‌ ده‌سكاری بكه‌ن، چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان فه‌رمانیان پێ كراوه‌. ئه‌مه‌ قسه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی ناڕازی یه‌كێتییه‌ له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی نیشتمانیی ده‌نگیان دا له‌سه‌ر ره‌شنووسی رێككه‌وتنێك له‌ نێوان هه‌ردوولادا، به‌ڵام تائێستا واژووی كۆتایی نه‌كراوه‌. رێككه‌وتنی ئه‌و دوو حزبه‌ دوای ئه‌و هه‌موو ناكۆكی و پێكداهه‌ڵپژانه‌ وه‌ك "رووداوێكی نامۆ" سه‌یر ده‌كرێ.

سه‌ركرده‌یه‌كی باڵی ناڕازی یه‌كێتییش رایگه‌یاندوه‌ "ئه‌م رێككه‌وتنه‌ كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر دۆخی كوردستان نابێت و به‌سه‌ر هه‌ردوو حزبه‌كه‌دا سه‌پێنراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ هێز به‌رامبه‌ر پارتی، چونكه‌ له‌ رابردوو هه‌ردووكمان شكستمان هێنا له‌وه‌ی پارتی سنووردار بكه‌ین، هه‌مان شكست وڵاتی دراوسێیشی نیگه‌ران كردبوو له‌ دۆخی كوردستان و پێشوه‌چوونه‌كانی پارتی له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر داوای خۆی ناوی بڵاو ناكرێته‌وه‌، له‌باره‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی به‌سه‌ر دوو حزبه‌كه‌دا سه‌پاندووه‌؟ ئاشكرای كرد "ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئێمه‌ و گۆڕانیش ره‌شنووسی كۆتایی رێككه‌وتنه‌كه‌یان دیوه‌، نازانن چۆن ئاماده‌ كراوه‌ به‌ چ قۆناغێكدا تێپه‌ڕیوه‌، ته‌نانه‌ت زۆریان هه‌ر له‌ میدیا بیستبوویان كه‌ رێككه‌وتن له‌ئارادایه‌، لیژنه‌ی هه‌ردوو حزب ئه‌وه‌ چه‌ند مانگه‌ به‌ رێكخستنی ئه‌و ره‌شنووسه‌وه‌ سه‌رقاڵن راوێژكارێكی ئێرانیش هاوكاری ده‌كردن و له‌ هه‌ندێك بڕگه‌دا فه‌رمانیشی پێ كردوون، بۆیه‌ ئه‌مه‌ی خراوه‌ته‌ ڕوو هیچ ده‌سكاری ناكرێت و واژووی كۆتای له‌سه‌ر ده‌كرێ، بگره‌ ناتوانن ده‌سكاریشی بكه‌ن، چونكه‌ ئیراده‌ی ئه‌وه‌یان نییه‌".